"تا یەکشەممە چاکدەکرێتەوە"

راپۆرتێک؛ نیوەی پەمپەکانی پڕۆژەی دوکان2 لەکارکەوتوون

ئەحمەد مستەفا

​پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێ، پرۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی/2، بەهۆی قەیرانی دارایی و کەڵەکەبوونی کێشە تەکنیکییەکانەوە بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەچێت و لە ئێستادا زیاتر لە نیوەی پەمپەکانی لەکارکەوتوون.

پرۆژەکە شادەماری سەرەکی دابینکردنی ئاوی خاوێنە بۆ سلێمانی، چەمچەماڵ و چەندین شارۆچکە و ناحیەی دەوروبەری.

لە راپۆرتێکدا پەڕلەمانتار فاتیح سەنگاوی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.8.2026 باسی لەوەکردووە، پرۆژەکە لە چوار وێستگەی پاڵنانی سەرەکی و 56 پەمپی گەورە پێکهاتووە و بە شەو و rۆژ کار دەکات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و کەڵەکەبوونی کێشە تەکنیکییەکانەوە بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەچێت.

بە قسەی پەڕلەمانتارەکە، دابینکردنی تەنیا سێ پەمپی نوێ لەم دواییانەدا نەیتوانیوە چارەسەری رەوشەکە بکات، ئەوە جگە لەوەی ئاشکرای کردووە، دەستدرێژیی بەردەوامی نایاسایی بۆ سەر هێڵی دووەمی ئاوەکە کراوە، بەهۆی کونکردنی بۆڕییەکان و راکێشانی هێڵ بۆ کارگە، باخ و غەسلەکان کە بڕێکی زۆری ئاو پێش گەیشتنی بە خەزانەکان بەهەدەردەچێ.

ئەو پەڕلەمانتارە داوای لە حکومەت و وەزارەتی شارەوانی کردووە، بەپەلە بودجەی فریاگوزاری تەرخان بکەن، شایستەی بەڵێندەران بدەنەوە و بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان سەرجەم دەستدرێژی و بەستنەوە نایاساییەکان ببڕن بۆ رێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی.

لەبارەی راپۆرتەکەی پەڕلەمانتاری کوردستان فاتیح سەنگاوی، 964 پەیوەندی بە بەرپرسانی ئاوی سلێمانی کرد، پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاوی سلێمانی بەمەرجی ناونەهێنان بە 964ی وت، هەوڵێک هەیە تا پێش رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، پەمپەکان چاکبکرێنەوە و دابەشکردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە.