قەرەبوو دەکرێنەوە

دوو گەڕەکی زاخۆ دەڕوخێندرێن و دەکرێن بەشوێنی گەشتیاری

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

قایمقامیەتی زاخۆ بڕیاریداوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەشتیاری بەشی هەرە زۆری دوو گەڕەکی سەنتەری زاخۆ بڕوخێنێت و خاوەنی خانوەکانیش قەرەبوو بکاتەوە.

بڕیاری چۆڵکردن بۆ هەردوو گەڕەکی ئازادی و خابوور دەرچووە، ئەم دوو گەڕەکە دەکەونە سەنتەری بازاڕی زاخۆ و لە قەراخ رووباری خابوور، ئیدارە و قایمقامیەتی زاخۆ دەستیانکردوە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەن و سەرەتا ماڵەکانی سەر لیواری خابوور چۆڵ دەکرێن و دواتریش سەنتەری گەڕەکەکەی دەگرێتەوە.

گەڕەکی ئازادی بە گەڕەکی جووەکان بەناوبانگە، بەر لەساڵانی 1948 ژمارەیەکی زۆری جوو لەو گەڕەکە نیشتەجێ بوون، هەربۆیە بە گەڕەکی جووەکان ناوی دەرکردبوو، بەگوێرەی زانیارییەکان کۆتا خێزانی جوو لە ساڵی 1954 لەو گەڕەکە کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل، ئێستا 200 ماڵێک لەو گەڕەکە نیشتەجێن.

گەڕەکی خابوور دەکەوێتە سەر لێواری رووباری خابوور، 130 ماڵی لێیە، بازاڕی کۆنی زاخۆ و مزگەوتی کۆنی زاخۆ لەناو گەڕەکەکەدان، بەپێی بڕیاری ئیدارەی زاخۆ تەواوی گەڕەکەکە دەڕوخێنرێت، تەنیا مزگەوت و بازاڕەکە دەمێنێتەوە.

موشیر محەمەد، قایمقامی قەزای زاخۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ـی راگەیاند، گەڕەکی خابوور بە تەواوی دەڕوخێندرێت، باخێکی مۆدێرنی لێ دروست دەکرێت، بەڵام گەڕەکی ئازادی کە بە گەڕەکی جووەکان ناسراوە خانووە کۆنەکان دەهێڵدرێنەوەو نۆژەندەکرێنەوە دەکرێن بە شوێنێکی گەشتیاری ئاینی، بەڵام خانوە نوێیەکان دەڕوخێندرێن.

“بڕیارەکە 100% جێبەجێدەکرێت، قۆناغی یەکەم قەرەبووی خانوەکانی سەر لێواری خابوور دەکەینەوە، دواتریش دەچینە ناو سەنتەری هەردوو گەڕەکەکە” موشیر محەمەد وای وت.

ئەم بڕیارەی ئیدارەی زاخۆ بۆ ئەوەیە بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر قەراخ رووباری خابوور بکەن بە شوێنێکی گەشتیاری، بۆیە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ماڵەکانی ئەو دوو گەڕەکە دەرچووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی