بووەتە رەمزی رۆشنبیری

کتێبخانەکەی ئەحمەد کۆیی لە ڕانیە سێ دەیەیە تەمەن دەکات

دەریا محەمەد – رانیە

کتێبخانەی ئەحمەد کۆیی لە ساڵی 1997 لە شاری رانیە دامەزراوە و لە ماوەی نزیکەی 3 دەیەدا بووەتە یەکێک لە ناوەندە رۆشنبیرییە ناسراوەکانی دەڤەری راپەڕین.

مامۆستا هۆشەنگ ئەحمەد کۆیی، دامەزرێنەری کتێبخانەکە، ناوی باوکی خۆی لەسەر ئەم ناوەندە ناوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، هەوڵی داوە شوێنێک بۆ پەرەپێدانی خوێندنەوە و بەردەستکردنی کتێب بۆ خوێنەران دابین بکات.

کتێبخانەکە تەنیا شوێنی کڕین و فرۆشتنی کتێب نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ نووسەران، شاعیران، خوێندکاران و رۆشنبیرانی ناوچەکە.

لە رەفەکانی ئەم کتێبخانەیەدا جۆرەها کتێب لە بواری ئەدەب، رۆمان، شیعر، فەلسەفە، مێژوو، سیاسەت، دەروونناسی و گەشەپێدانی مرۆیی بە زمانی کوردی و عەرەبی و بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان بەردەستن.

سەرەڕای پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی کتێبی ئەلیکترۆنی، کتێبخانەی ئەحمەد کۆیی هێشتا پێگەی خۆی لە نێو خوێنەرانی رانیە پاراستووە.

ئەم کتێبخانەیە لەسەر شەقامی گشتی رانیە، لە تەنیشت بیتوێن مۆڵ، هەروا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەت بە خوێنەران و خۆشەویستانی کتێب.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا