کێ وایکردووە؟

ئاوی بەنداوی موسڵ ژەهراوی بووە و ماسی و باڵندە مرداربوونەتەوە

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

حاڵه‌تی ژه‌هراویكردنی ئاوی بەنداوی موسڵ لە نزیک گونده‌كانی “کەمونا و رەحمانیێ” لە سنووری ناحیەی خانکێ روویداوه‌ و ده‌یان ماسی، باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ر مرداربوونه‌ته‌وه‌.

هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک، ئاگادار کراونەتەوە لەسەر مرداربوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گیاندار و په‌له‌وه‌ر له‌ ئاوی به‌نداوی موسڵ و دروست له‌ سنووری گونده‌كانی كه‌مونا و ره‌حمانیێ، لێكۆڵینه‌وه‌ش ده‌ستیپێكردووه‌
عه‌بدولستار عه‌بدولحەمید، وتەبێژی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە بە 964ی وت، “دوێنی له‌ رووداوه‌كه‌ ئاگادار کراوینەتەوە، کە چەند کەسێکی نەناسراو گەنم و عه‌له‌فی ژەهراویان له‌ ئاوی بەنداوی موسڵ لە نزیک گونده‌كانی کەمۆنا و رەحمانیێ لە سنووری ناحیەی خانکێ به‌كارهێناوه‌ و دیاره‌ مه‌به‌ستیان ماسیگرتن بووه‌، به‌ڵام بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری باڵنده‌ی نەورەس، هه‌روه‌ها ماسی و بۆق و گیانداریی دیكه‌ مردرابوونه‌ته‌وه‌”.

وتیشی”، تا ئێستا نازانرێت ئەمانە کێین، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران بە رێگای ئەو کامێرانەی لە خاڵەکانی پێشمەرگەی زیرەڤانین، کە لەوێ هەن و لێکۆلینەوە بەردەوامن”.

زەردەشت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌بەری ناحیەی خانکێ بە 964ی وت، “ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە و بە دڵنیاییه‌وه‌ قورسترین سزای ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ین، لەگەڵ پۆلیسی دەریاکان لەسەر هێڵین و لێکۆڵینەوەی جددی دەکەین بۆ ئاشکراکردنی ئەم کەسانە، ئێمە داوا ده‌كه‌ین خاڵێكی پشكنینی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە له‌ خانكێ دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئەم کارانە کەم ببیتەوە و بتوانن چاودیری ناوچەکە بکەن”.

راید میعاد کۆچەر، ئەفسەری پۆلیسی دەریاکان لە خانکێ بە 964ی وت، ئەم شوێنەی رووداوەکەی لێ روویداوە، کەمێک دوورە و سنوورەکەمان زیاتر لە 100KM  دەبێت، بۆیە چەند خاڵێکی پێشمەرگە لەم شوێنە هەن، ئەوان چاودێریی دەکەن جارجارە، بەڵام ئەم چەند رۆژە بارانبارینی بەهێز هەبوو، بۆیە تۆمەتباران بە دەرفەتیان زانیوە و هەلەکەیان قۆزیتەوە.

بەنداوی موسڵ گەورەترین بەنداوی عێراقە و له‌سه‌ر رووباری دیجله‌یه‌، له‌ 1980 ده‌ست به‌ دروستكردنی كراوه‌ و لە ساڵی 1986 کەوتووەتەکار.
به‌نداوه‌كه‌ 113 مه‌تر به‌رزه‌ و 3.4 كیلۆمه‌تر درێژه‌، توانای گلدانەوەی نزیکەی هەشت ملیار مەتر سێجا ئاوی هه‌یە، زۆرترین توانای کۆگاکردنی ئاوی تێدایە، کە نزیکەی 11 ملیار مەتر سێجایە و بۆ ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی سوودی لێدەبینرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لە بەنداوی موسڵ شتی سەیر دەردەکەوێت

لە بەنداوی موسڵ شتی سەیر دەردەکەوێت