چیرۆکی دایکێک سەرنجڕاکێش و پڕ لە سۆزە
دڵشکان و دابڕان و گەردن ئازادى پێش جەژنی قوربان
ئەحمەد محەمەد – سلێمانى
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنەوە، پەیامنێری 964 لە شەقامەکانی سلێمانی مایکی خستووەتە بەردەم هاوڵاتیان بۆ پرسیارکردن لەبارەی گەردەن ئازادی، بەڵام چیرۆکەکانی پایتەختی رۆشنبیری جیاوازترن و تێکەڵەیەک لە دڵشکان، دابڕان و لێبوردەییەکی بێسنووریان تێدایە.
لەنێو ئەو کەسانەی قسەیان بۆ 964 کردووە، چیرۆکی دایکێک سەرنجڕاکێش و پڕ لە سۆزە، سەرەڕای ئەوەی دڵی شکاوە و لەلایەن یەکێک لە منداڵەکانییەوە ئازار دراوە، بەڵام سۆزی دایکایەتی رێگەی پێنادات لەم جەژنەدا دڵی پاک نەکاتەوە ز دەڵێت: “هەرچیم لێبکات جەرگمە، ناتوانم گەردنی ئازاد نەکەم و لێی نەبورم”.
لە گۆشەیەکی دیکەی ئەم دیمانانەدا، خانمێک باس لە چیرۆکێکی تاڵی ژیانی دەکات کە تێیدا کەسانێک هۆکار بوون بۆ لێکدابڕان و دوورخستنەوەی کەسێکی ئازیز لە ژیانی. بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە، رۆحییەتی بەرز و لێبوردەیی ئەم خانمەیە، کە بڕیاریداوە لێبوردەیی بەسەر رق و کینەدا زاڵ بکات و دەڵێت، سەرەڕای ئەو ئازارە قورسەی لێیان داوە، بەڵام هەر لێیان دەبورێت.
بەڵام وەک چۆن هەموو برینێک بە ئاسانی ساڕێژ نابێت، لە سلێمانیش کەسانێک هەن کە قەبارەی ئەو غەدرەی لێیان کراوە هێندە گەورە و برینەکەی هێندە قووڵە، کە تەنانەت جەژنیش ناتوانێت ببێتە دەرفەت بۆ ئەوەى لێبوردەیى بنوێنێت و یەکێک لەو کەسانەى بۆ 964 قسەى کردووە دەڵێت: برینەکەم قوڵە، هەرگیز لێیان نابورم.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح