ئاڵاکانی ئەمریکا و ئێران
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران:
“25 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانمان ئازاد دەکرێن”
964+
شۆڕش قادری
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، 25 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانیان، قۆناغ بە قۆناغ ئازاد دەکرێن.
محەمەد جەعفەر قائێم پەنا جێگری جێبەجێکاری سەرۆک کۆماری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، “25 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانمان بەتەواوەتی ئازاد دەکرێن بەڵام قۆناغ بە قۆناغ”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران ئەو پارانە بۆ پەرەپێدان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەی خەرج دەکات.
هەفتەی رابردوو دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکرایەوە کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانیش یەکێکە لە خاڵەکان.