شەوی رابردوو چی روویدا؟

رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران لەرزۆک بووە و عێراقچیش دەڵێ واشنتن بەرپرسیارە

شۆڕش قادری

دانیشتنەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دواکەوت تارانیش دەڵێت، واشنتن بەرپرسیارە لە دەرەنجامەکانی دوایی، ئەگەر بەهۆی پشووی کۆتایی هەفتەوە ئاگاتان لە هەواڵەکانی 24 کاتژمێری رابردوو نەبووە، خەمتان نەبێ، لە خوارەوە کورت و پوخت بۆمان داناون.

-ئەگەرچی قەراربوو دوێنێ دانیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە سویسڕا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەکراو و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

-ئەکسیۆس: کۆبوونەوەکە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزب*وڵا لە لوبنان دواخرا، بەڵام هەر ئەنجام دەدرێت و رەنگە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک ئەمریکا سەرۆکایەتی شاندی واشنتن لە دانیشتنەکەدا بکات.

-عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا بەرپرسیارە لە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە و دەرەنجامەکانی.

-رۆیتەرز: ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە سویسڕا و رەنگە ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بگاتە جنێف.

-دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، توانیمان لە ماوەی هەفتەیەکدا هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران لەناو ببەین، بەڵام ئەگەر لەگەڵیان نەگەینە رێککەوتن، ئەوا شتانێک دەکەین کە دڵخۆشیان نەکات، بەڵام پێناچێت پێویست بکات ئەوە بکەین.

-ترەمپ: کەشتییەکان بە شێوازێک بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن کە پێشتر وێنەی نەبووە، نزیکەی 700 کەشتی بەناو گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

-کۆشکی سپی: رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران گرەنتی ئەوە دەکات کە ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات، گەرووی هورمزیش لەبەردەم ئازادیی کەشتیوانیدا دەکاتەوە، هاوکات سیاسەتە شکستخواردووەکانی رازیکردن و پێدانی پارە و شەڕەکان کۆتاییان پێدێت.

-کۆشکی سپی: ترەمپ و جەی دی ڤانس لە رێگەی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران، دەستکەوتێکی مێژووییان تۆمار کرد.

-شارەزایان و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: رێککەوتنەکەی ئێران و ئەمریکا دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران پشتگوێ خستووە بۆیە کەموکوڕی هەیە.

-هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەمریکا بە ئەنجامی دوو بە یەک لە هەڵبژاردەی ئۆسترالیای بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناغی 32ـی کۆمەڵەکان لە یارییەکانی مۆندیالی 2026.

-هەر لە بەردەوامی یارییەکان، بەربەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردەی تورکیا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر بە پاراگوای دۆڕا و لە سەرکەوتن بۆ قۆناغی دوایی هیوابڕاو بوو.

-دوای چوار رۆژ لە خنکانی گەنجێک لەناو ئاوی رووباری سیروان لە سنووری کەلار هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و گەڕانی تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشان بەدوایدا بەردەوامە.

-ئەنوەر ئیبراهیم سەرپەرشتیاری تیمی غەواسی بەرگری شارستانی گەرمیان: تائێستا ھیچ سۆراغێکی نییە، جگە لە گەنجانی خۆبەخش تیمێکی غەواسی بەرگری فریاکەوتنی سلێمانیش ھاتوون و یارمەتیمان دەدن.

-لە یەک دوو هەفتەی رابردوو حاڵەتەکانی خنکان لەناو ئاودا لە کوردستان زیادیکردووە و لە دوایین حاڵەتیشدا ئێوارەی دوێنێ لەچەمی ئاوەسپی لە خورماتوو مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ لەکاتی مەلەکرندا خنکا.

-پارێزگاری کەربەلا بۆ پارێزگاری هەڵەبجە: لە رێگەی ئێوەوە سڵاو بۆ خەڵکی پاک و قوربانیدەر و تێکۆشەری هەڵەبجە بۆ ئەم هەڵوێستە بەرزەی کە لە کاتی بەڕێکردنی تەرمی روقیەدا بینیمان، سڵاو و رێزشمان هەیە بۆ هەموو ئەو تیمانەی کە ماوەی نۆ رۆژ بێ وچان کاریان کرد.