"دەبێت هاوڵاتیان خۆیان چاکی بکەنەوە"

دوای پاککردنەوەی جۆگا ئاودێرییەکەی گوندی زوورکان بووە بە مەترسی

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆی پاککردنەوەی جۆگای ئاودێریی کشتوکاڵی لە گوندی زورکان راگری قەراغی جۆگا کشتوکاڵییەکان رووخێندراون، گوندنشینانی ناوچەکە داوای چاککردنەوەی دەکەن، چونکە مەترسیی ئەوە هەیە هاوڵاتیان بکەونە ناوییەوە، بەڵام ئاودێریی پشدەر دەڵێت، دەبێت هاوڵاتیان خۆیان چاکی بکەنەوە.

جۆگاکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی پشدەرەوە پاک کراوەتەوە و بە بەردەم 70 ماڵی گوندەکەدا دەڕوات و رێگای قوتابخانەشی بەسەرەوەیە و حەوت هەزار و 700 مەتر درێژە.

بەشدار حامید، دانیشتووی گوندی زورکانە و بە 964ـی وت، “جۆگایەکە کۆنکرێتە و قووڵە، ئاوێکی زۆری پێدا تێپەڕ دەبێت و مەترسیی زۆری هەیە کەسێک یان ئاژەڵ بکەوێتە ناوی، پێشتر بە تەل راگری بۆ کرابوو ، داواکارین راگرەکەی بۆ چاک بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدوور بین لە رووداوی نەخوازراو”.

لە رابردوودا چوار منداڵ بەهۆی کەوتنەناو جۆگاکەوە گیانیان لەدەستداوە.

نەبەز خدر، لێپرسراوی ئاودێریی پشدەر لەوبارەیەوە بە 964ـی وت،”ئەم پڕۆژەیە پێک هاتووە لە سێ بەش، سەنگەسەر، سەروچاوە و قەراغ، هەرسێکی دراوە بە یەک کۆمپانیا کە پاکیان بکاتەوە، ئەو بەشەی گوندی زورکان لە ناحیەی سەنگەسەر کە ئیشمان تێدا کردووە نزیکی شەش ساڵە پاک نەکراوەتەوە، سوودی نەمابوو بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکان”.

وتیشی، “بۆ پاککردنەوەی ئامێری گەورە بەکارهاتووە، بۆیە ناچار بووین ئەو سیاجە تەلەی لە قەراغی کرابوو لایببەین، بەڵام توانای ئەوەمان نییە دووبارە تەلەکە دابنێینەوە، دەتوانن هاوڵاتیان خۆیان لەبەردەم ماڵەکانیان چاکی بکەنەوە بۆ ئەوەی مەترسییان نەمێنێت”.

قەزای پشدەر خاوەنی 28 جۆگای کۆنکرێتییە، بە مەستی ئاودێریی کشتوکاڵی سوودیان لێ دەبیندرێت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

گوندەکانی پشدەر روویان لە چۆڵبوونە

گوندەکانی پشدەر روویان لە چۆڵبوونە