"مانگی رابردوو 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە"

وەزیری نوێی نەوتی عێراق دەستبەکار بوو

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری نوێی نەوتی عێراق باسم محەمەد خزەییر، ئەمڕۆ شەممە دەستبەکار بوو، دووپاتیشی کردەوە کە پێشینەی کارەکانی وەزارەت لە قۆناغی داهاتوودا بریتیین لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و کۆتاییهێنان بە پرسی غازی سووتاو، هەروەها پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی نەوت.

ئاشکراشی کرد لە ماوەی مانگی نیسانی رابردوودا تەنیا 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کراوە و بەهۆی شەڕەوە نەتوانراوە زیاتر هەناردە بکرێت.

وەزیری نوێی نەوت ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە کابینەی نوێی حکومەت ئەنجام دا و وتی، دید و ستراتیجی حکومەت تیشک دەخاتە سەر راکێشانی سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکان بۆ عێراق بۆ بەشداریکردن لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و راهێنانی کارمەندانی تەکنیکی و ئەندازیاری و بنیاتنانی باشترین ژێرخانی بۆ کەرتی نەوت.

ئاماژەی بەوەش کرد، “عێراق خاوەنی هەموو توخمە پێویستەکانی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە کەرتی وزەدا، بە لەبەرچاوگرتنی یەدەگی بەرفراوانی نەوتی”.

وتیشی، “حکومەت هەوڵدەدات هەموو پارێزگاکان بگۆڕێت بۆ پارێزگای بەرهەمهێنەری نەوت بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوورییان”.

“وەزارەت چاوپۆشی لە گەندەڵی ناکات، هیچ شوێنێک بۆ تاکی ناکارامەش نامێنێت، وەزارەت کار بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەتیش دەکات بۆ بەدەستهێنانی داهات لە رێگەی کاراکردنی کەرتی نەوت و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای کار”.

لە کۆتاییدا وەزیری نەوت وتی، “پێشتر عێراق مانگانە 93 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرد، بەڵام مانگی نیسانی رابردوو بەهۆی شەڕەوە تەنیا 10 ملیۆن بەرمیلمان هەناردە کرد”.