سەرۆکی هەرێم سەرەخۆشی لێکردوون

ئەمریکا و بەریتانی کوژرانی دوو سەربازیان لە بنکەی ئاسمانی هەولێر راگەیاند

فەرهاد حەسەن

ئەمریکا و بەریتانیا بە فەرمی گیانلەدەستدانی دوو سەربازی وڵاتەکانیان راگەیاند و دەڵێن، لە کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازی هاوبەش لە ناو بنکەی ئاسمانی هەولێر لە هەرێمی کوردستان تووشی ئەم رووداو بوونە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لەم وڵاتانە و کەسوکاریانی کردووە.

جۆن هیلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا گیانلەدەستدانی یەکێک لە ئەندامانی سوپای وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە خێزانی سەربازەکەیان لەم رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر چۆنیەتی و هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا نەکرد.

لایخۆشییەوە، سوپای ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە سەربازێکیان لە کاتی بەشداریکردن لە مەشقێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا لە بنکەی ئاسمانی هەولێر گیانی لەدەستداوە.

لە بەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە کە رووداوەکە لە کاتی راهێناندا بووە.

هەردوو وڵات رایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دەستیپێکردووە بۆ زانینی وردەکاری و هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە، بەڵام  تاوەکو ئێستا هیچ کام لە لایەنەکان زانیارییان لەسەر جۆری مەشقەکە و ئەوەی کە ئایا رووداوەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکی بووە یاخود هۆکارێکی تر، بڵاونەکردووەتەوە.

لایخۆشییەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە سوپای ئەمریکا و بەریتانیا دەکات بۆ گیانلەدەستدانی دوو سەربازیان لە هەولێر.

سەرۆکی هەرێم، لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانی دەربڕی کە لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە.

جەختیشی کردەوە لە بەهای بەشداری و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.