محەمەد خانی لەوێبوو
شاخەوانانی سلێمانی پارکی ئازادییان پاک کردەوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
گرووپەکانی تایبەت بە شاخەوانی لە سلێمانی هەڵمەتێکیان رێکخستووە بۆ پاککردنەوەی پارکی ئازادی لە سلێمانی و گواستنەوەی نەریتی ژینگەپارێزی لە شاخەوانانەوە بۆ خەڵکی بە گشتی.
محەمەد خانی مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی دیاری سۆشیاڵ میدیا، هاوڕێی شاخەوانانە لە هەڵمەتەکەدا و لەگەڵ روونکردنەوەی ئامانجی هەڵمەتەکە، پەیامێکیش دەدات بە گوێی خوێندکاران و خەڵکیدا.
دکتۆر خانی بۆ مایکی 964 وتی، شاخەوانان بەردەوام هزریان بە خزمەتی شاخ و شار و ژینگە و پەلەوەرەکانیشەوە مەشغوڵە، بۆیە لە شاخە سەختەکاندا و تەنانەت لە ناو بەفریشدا بە چەندین کاتژمێر زبڵ و خاشاک هەڵدەگرن تا ژینگە پیس نەبێت، ئەی بۆ خەڵکی لە ناو شار و لە پاڵ سەلەی خۆڵەکانیشەوە ژینگە پیس دەکەن؟
وتیشی، ناکرێت مرۆڤ بگاتە زانکۆ و هێشتا پاشماوە فڕێ بدات، چونکە زانکۆ ئەوە فێری خوێندکار نەکات لە زانستیشدا پێشکەوتوو بێت، لە پەروەردەدا دواکەوتووە.
ئیستا وەرزی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆیە و خوێندکاران لە دوای ئاهەنگەکانیان پاشماوەیەکی زۆر لە شوێنە گشتییەکان جێدەهێڵن.
داڕشتنەوە: بەهرە محەمەد ئەمین