دەستگیرکران
دایک و باوکێک دوو کچى خۆیان کوشت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى ناوخۆى عێراق، دەستگیرکردنى ژن و مێردێکى راگەیاند کە دوو کچەکەى خۆیان کوشتووە.
رووداوەکە لە کۆمەڵگەى نیشتەجێبونى زەهرا لە قەزاى بارتێلاى پارێزگاى نەینەوا روویداوە.
بەپێى راگەیەنراوى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لە ژێر چاودێری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا و دواى وەرگرتنى رەزامەندى دادوەر سەبارەت بە دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى رووداوێکى کوشتن، ژن و پیاوێک کە هاوسەرى یەکترین دەستگیرکران.
“ئەو ژن و مێردە، دوو کچى خۆیان کوشتووە کە یەکێکیان تەمەنى 7 ساڵە و ئەوەى تر تەمەنى سێ ساڵە”، وەزارەتى ناوخۆى عێراق وادەڵێت.
بەپێى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس دواى 24 کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە بکوژى ئەو دوو خوشکە، دایک و باوکیانن و بە هاوکارى کوڕێکیان ئەو کارەیان کردووە.
وەک ئەوەى لە راگەیەنراوەکەدا ئاشکراکراوە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، دایک و باوکەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و هۆکارەکەشیان بۆ کێشەی خێزانى و ئالودەبوونیان بە خواردنەوەى کحولییەکات گەڕاندووەتەوە.
دایک و باوکەکە دەستگیرکراون و بەپێى مادەى 406 لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.