هۆکارەکەی شەڕی ئێرانە

به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی نیشتمانی دژە تیرۆری ئەمریکا دەستی لەکاركێشایه‌وه‌

فەرهاد حەسەن

به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی نیشتمانی دژە تیرۆری ئەمریکا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دەستی لەکاركێشایه‌وه‌ و رایگەیاند کە تاران “هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێی” بۆ سەر ئەمریکا دروستنەکردوە و ئەو شەڕە لەژێر لۆبی و فشاری ئیسرائیلدا كراوە.

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ناڕەزایەتی بووە بەرامبەر بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. ئەو بەرپرسە باڵایە نامەیەکی ئاراستەی ترەمپ کردووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” بڵاویکردووەتەوە، کە تێیدا بە ڕاشکاوی نووسیویەتی: “ئێران هیچ هەڕەشەیەکی هەنووکەیی بۆ سەر نەتەوەکەمان دروست ناکات”

جۆو کێنت، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی نیشتمانی دژە تیرۆری ئەمریکا لە پۆستەکەیدا نوسیویەتی، “ناتوانم بە ویژدانێکی ئاسودەوە پشتگیری لە شەڕی بەردەوامی ئێران بکەم”.

جۆو کێنت دەشڵێت، “ئێران هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێی بۆ سەر نەتەوەکەمان دروستنەکردبوو، روونیشە کە ئێمە بەهۆی فشاری ئیسرائیل و لۆبییە بەهێزە ئەمریکییەکەیەوە دەستمان بەم شەڕە کردووە”.

دەشڵێت “دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، بڕیارمدا لە پۆستەکەم وەک بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆر دەست لەکاربکێشمەوە، کە لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.