نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە

964 بەدواداچوونی بۆ شکانی شانی منداڵێک کرد

+964
ژێوار خدر – راپەڕین

دوای ئەوەی خێزانێکی رانیە منداڵەکەیان دەکەوێت و دەیبەنە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە، پێیان ده‌ڵێن هیچ نییه‌، دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی پشكنینی بۆ ده‌كه‌ن، ده‌ركه‌وتووه‌ شانی شكاوه‌.

بڵباس سمکۆ، باوکی منداڵەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی: منداڵەکەم لەسەر جۆلانە کەوت و بردمان بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە، دوای پشکنین پێیان وتین منداڵەکەتان هیچ کێشەیەکی نییە و ئازارشکێنیان پێداین، بەڵام دوای ئەوەی تا دەهات ئازاری زۆرتر دەبوو، دوای چەند رۆژێک بردمان بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت و لەوێ دەردەکەوت کە منداڵەکە ئێسکی شانی شکاوە.

باوکی منداڵەکە باسی لەوە کرد پزیشکی شکاوی پێی راگەیاندوون، بەهۆی ئەوەی تەمەنی منداڵەکە بچوکە و ساڵ و نیوێکە، ناتوانرێ و شوێنەکەی هی ئەوە نییە نەشتەرگەری بۆ بکرێت و دەبێت خۆی یەکبگرێتەوە.

964  بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە پەیوەندی کرد بە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە، فەرمان ئەحمەد بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە وتی: کێشە لە ئامێرەکانماندا نییە و هۆکاری دەرنەکەوتنی شکاویی منداڵەکە دەکرێت بابەتێکی تر بێت، زۆرجار شکان راستەوخۆ دەرناکەوێت و دەکرێ سەرەتا تەنیا لێکترازانێک، یان درزێک بووبێت و ئەمەش زۆرجار لە تیشک دەرناکەوێ، بەڵام دەکرێ دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە و جوڵاندنی زیاتری ئێسکەکە، بووبێتە هۆی لەجێده‌رچوونی زیاتری ئێسکەکە و شکانی، کە ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی لە جاری دووەمدا شکانەکە لە تیشکەکەدا دەرکەوتبێت.
وتیشی، ئامێرەکانی پشكنین له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومی هیچ جیاوازییەکیان ینیە لەگەڵ ئەو ئامێرانەی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا هەن و هەڵەش ناکەن.

فەرمان ئەحمەد روونیشی کردەوە، دەکرێ پزیشکەکەش هەستی پێنەکردبێت و نەیتوانیبێت شکانەکە ببینێت لەو کاتەدا، بۆیه‌ ئەوان خۆیان بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و پەیوەندی بە خێزانەکەوە دەکەن و سەیری تیشکەکە دەکەنەوە، ئەگەر دەربکەوێت پزیشکەکە نەیتوانیبێت شکاوییەکە دیاریی بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

رانیە پێویستى بە خوێنە

رانیە پێویستى بە خوێنە