ئەندامێکی یەکێتیی زانایان وەڵام دەداتەوە
رۆژووی شەشەڵان و قەرزی رەمەزان بە یەک نییەت کۆدەکرێتەوە؟
964+
ئەحمەد مستەفا
“بەڵێ، زۆر چاک دەبێت و دروستە قەرزی رەمەزان بە یەک نییەت کۆبکرێتەوە لە گەڵ رۆژووی سوننەتی شەشەڵاندا”، ئەم قسەی ئەندامێکی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستانە.
لەبارەی حوکمی کۆکردنەوەی رۆژووی شەشەڵان لەگەڵ قەرزی رەمەزاندا بەیەک نییەت، دکتۆر حهسهن خالید موفتی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایان لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بە 964 گەیەندراوە دەڵێت، “گومان دروست دەکرێت بۆ موسوڵمانان سەبارەت بەو بابەتە”، هۆکارەکەیشی نەشارەزایییە لە سەرچاوەکانی فیقهی ئیسلامی.
ئەو وتی، “لانی کەم لە هەردوو مەزهەبی خۆمان حەزرەتی شافیعی و پێشەوایانی مالیکی، دروستە کۆکردنەوەی هەردوو لە (قەزاکردنەوەی رۆژووی چوێنراوی رەمەزان) لەگەڵ (رۆژووی سوننەتی شەشەڵان)دا بە یەک نییەت، کە لەم بابەتەدا ئەو یاسایە هاتووەتەجێ و هیچ ئیشکالی شەرعی نییە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایان لە بارەی ئەگەری گرتنەوەی قەرزەکانی رەمەزانی لە مانگی شەوالدا کە بۆ رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەیە، ئەو وتی، “ئەوا ئەجری هەر سێ جۆر رۆژوەکەی دەگات، واجبێک و دوو سوننەت، چونکە قەزای رەمەزان بەر رۆژانێک کەوتووە، کە بۆ خۆیان گرتنی رۆژو تێیاندا سوننەتە”.
“بۆیە ئەو کەسەی کە رۆژووی قەزا دەگرێتەوە لە مانگی شەوالدا، دروستە بۆی هەردووکیان کۆبکاتەوە و پێویستە نییەتی سەرەکیی قەزاکردنەوەکە بێت، لە پەنا ئەم نییەتەشیدا نییەتی گرتنی شەشەڵانیشی هەبێت، لێرەدا لەبەر ئەوەی کە قەزاکردنەوەکەی هاوکاتە لەگەڵ رۆژووی سوننەتی شەوالدا، ئەوا ئەجری شەشەڵانەکەشی دەگات”، دکتۆر حهسهن خالید موفتی وای وت.