سوپای پاسدارانیش
گشت هێزەکانی ئێران بە دوای سەرۆک کۆمار دەگەڕێن
بەهرە محەمەدئەمین
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران چووە شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی و هێزێکی زۆری فەرمی و نافەرمی بۆی دەگەڕێن.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سوپا، چوونەتە ئەو شوێنەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێرانی لێکەوتوەتە خوارەوە، تا لەگەڵ لێکۆڵینەوەکاندا فەرمانی پێویستیش بۆ خێراترکردنی گەڕان و پشکنینەکان دەربکەن.
ئێستا کۆبوونەوەی بارەگای قەیرانەکان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، یاریدەدەری سەرۆک کۆمار و هەندێک لە بەرپرسان بەڕێوە دەچێت.
لە دوای نیوەڕۆوە هێلیکۆپتەرێک کە سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵگرتبوو کەوتووەتە خوارەوە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر تیم وهێزی فریاکەوتن چەندین کاتژمێرە خەریکی گەڕانن، بەڵام زوو زوو لە رێگای میدیاکانەوە رایدەگەیەنن بەهۆی سەختی ناوچەکە لەرووی جۆگرافییەوە کە ناوچەیەکی سەخت و شاخاوییە، هەروەها نالەباری کەش و هەوا، نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی رووداوەکە.
پلەی گەرما لەو ناوچەیەی هێلیکۆپتەرەکەی لێ کەوتووەتەخوارەوە، ئێستا 15 پلەی سیلیزییە و بارانبارینیش بەردەوامە، بەهۆی بوونی تەمومژێکی زۆریشەوە مەودای بینین زۆر کەمبووەتەوە و گەڕانەکانی سەخت کردووە.
لە دواین لێدوانیشیدا وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، هێشتا نەگەیشتووینەتە خاڵی رووداوەکە، هەرچەندە هەموو هێز و گرووپەکان بە سوپای پاسداران و مانگی سوور و هێزە جەماوەرییەکان و خەڵکی گوندەکانیش لەگەڕاندان.