“لە گوندی سێکانی”

برایەک براکەی خۆی بە چەقۆ کوشت

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

ئەمشەو لە گوندی سێکانی بچووک سەر بە ناحیەی باشیک و سنووری قەزای بەردەڕەش شەڕ و ئاژاوە لە نێوان دوو برا روویداوە و برایەک بە چەقۆ براکەی دیکەی کوشتووە.

رووداوەکە کاتژمێر 9:45 خولەک روویداوە و دوای ئەوەی یەکێک لە برایەکان چەقۆ دەردەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر برایەکەی دیکەی چەند چەقۆیەکی لێدەدا و دەیکوژێت و خۆیشی بریندار دەبێت.

هاوڵاتییەکی گوندی سێکانی بچووک بە 964ی راگەیاند، ئەمشەو شەڕ و ئاژاوە روویداوە لە نێوان دوو برا لە گوندەکە و دواتر برایەک بە دەستی برایەکەی دیکە بەچەقۆ دەکوژرێت و بکوژەکەش بریندارە و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا نازانرێت هۆی سەرەکیی ئەم شەڕە چی بووە.

نەشوان بەرزنجی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی بەردەڕەش بە 964ی وت، دوو کەس گەیەندرانە نەخۆشخانەی بەردەڕەش کە دوو برابوون و یەکێکیان بە چەقۆ کوژراوە، کوژراوەکە ئیستا رەوانە کرا بۆ پزیشکی داد لە دهۆک و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کرا لە قەزای ئاکرێ.

نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە 964ی وت، کەمێک پێش ئێستا بریندارێکمان پێگەیشت کە ئەو کەسە بووە کە براکەی خۆی کوشتووە و خۆیشی ئێستا بریندارە لە نەخۆشخانەی ئاکرێیە لەژێر چاودێریی پزیشکدایە و برینەکەی لەسەر و ملیەتی و پۆلیس لەگەڵی هاتوونە و تەمەنی 24 ساڵە، براگەورەکەی خۆی بە چەقۆ کوشتووە، کە تەمەنی 27 ساڵە.

بە پێی زانیارییەکانی 964 کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، شەڕی ئەو دوو برایە لەسەر منداڵان بووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە زێلکان و قەرەچووغ چی روویدا؟

لە زێلکان و قەرەچووغ چی روویدا؟