سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی. فۆتۆ: ئاژانسەکان
دوو جاری دیکە روویداوە
بۆ سێیەمجار لە مێژووی ئێراندا جێگری سەرۆک شوێنی سەرۆک دەگرێتەوە
+964
ژووری هەواڵ
ئەگەر ئیبراهیم رەئیسی نەدۆزرێتەوە، ئەوا بەپێی ماددەی 131ی دەستووری ئەو وڵاتە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی جێگرەکەی دەچنە شوێنی، خۆ ئەگەر ئەمەش رووبدات، دەبێتە سێیەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە بەو شێوەیە شوێنی سەرۆکی ئێران پڕ بکرێتەوە.
بە پێی ماددەی 131ی دەستووری ئێرانی لیژنەیەک کاروبارەکانی سەرۆکی وڵات دەگرێتە دەست لە کاتی مردن یان ئامادەنەبوون یان نەخۆشکەوتنی سەرۆک، بەڵام کاری ئەو لیژنەیە نابێ لە دوو مانگ زیاتر بێت.
جێگری سەرۆکی ئێران دەبێتە سەرۆکی لیژنەکە، ئەویش بە رەزامەندی رابەری ئێران، لیژنەکە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری تێدایە، جێگری سەرۆک دەبێت لە ماوەی 50 رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رێکبخات.
بەپێی هەمان ماددە دەکرێت رابەری ئێران خۆی بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەربگرێت یان کەسێک رابسپێرێت، ئەگەر جێگری سەرۆک نەیتوانی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
بۆ یەکەمجار ساڵی 1980 روویدا، کاتێک خومەینی بڕیاریدا سەرۆکی پێشو وتر ئەبوحەسەن بەنی سەدر لاببات بە تۆمەتی ”خیانەت لە بنەماکانی شۆڕشی ئێران”، بەنی سەدر یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران بوو لە دوای شۆڕشی 1979، دوای ئەو بڕیارە بۆ پاریس هەڵهات و ساڵی 2021 لە تەمەنی 88 ساڵیدا لەوێ کۆچی دوایی کرد، لیژنەکە لە 22ی حوزەیرانی 1980 هەتا 2ی ئابی هەمان ساڵ ئەرکی سەرۆکی گرتەئەستۆ.
جاری دووەم دوای لە ساڵی 1981 بوو، محەمەد عەلی رجائی لە 30ی ئابی 1981 لە تەقینەوەیەکدا کوژرا، هەمان رۆژ لیژنەکە دەسەڵاتی گرتەدەست هەتا 9ی تشرینی یەکەمی 1981.