له‌سه‌ر فرۆشتنی شوێنی نوێژ له‌ مزگه‌وت

سكاڵا له‌سه‌ر مه‌لا عەبدولـلەتیف سەلەفی تۆمار ده‌كرێت


دیلان محەمەد جەزا

لەسەر بانگەوازێکی مامۆستا عەبدولـلەتیف سەلەفی لە بارەی کڕینی بەرماڵێک بۆ نوێژکردن لە مزگەوتی بەهەشت بە 650 دۆلار، ئەوقافی سلێمانی ئەو بابەتە دەباتە بەردەم داواکاری گشتی.

ئیبراهیم بەرزنجی یاریدەدەری پشکنەری گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف بە 964 وت، بۆ هیچ کەسێک نییە لە ژێر ناوی خێرخوازییەوە هیچ بڕە پارەیەک لە مزگەوتەکانەوە کۆبکاتەوە.

باسی لەوەکرد، ئەوقافی سلێمانی لە داواکاری گشتی سکاڵا لەسەر مامۆستا عەبدوللـەتیف سەلەفی تۆمار دەکات، لەسەر ئەو بانگەوازەی کردوویەتی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوقافی سلێمانی لە بەدواداچوندایە لەسەر ئەو بابەتە و رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئێستا چاوەڕوانی پشووی جەژنن دوای ئەو پشووە رێکارەکان دەستپێدەکات.

وتیشی: “مامۆستا عەبدوللـەتیف فەرمانبەری ئەوقاف نییە و خۆبەخشە و فەرمانبەری خوێندنی باڵایە، ئه‌گەر بڕیاری لابردنی بدرێت لە دادگا ئەوا لا دەدەرێت”.

ئیبراهیم بەرزنجی ده‌ڵێت، وەزارەتی ئەوقاف رێنمایی تایبەت هەیە بە دروستکردنی مزگەوت، دەبێت ئەو کەسە پارەی هەبێت لە بانک پاشان مزگەوت دروست بکات، بۆ ئەوەی مزگەوت بە تەواونەکراوی جێنەهێڵدرێت.

لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندیمان کرد بە بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا