دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی
تەرمی شۆفێرێکی تەکسی لە حەسەکە دۆزرایەوە
گەرناس مەعۆ- حەسەکە
یەک هەفتەبوو شۆفێرێکى تاکسى لە شارى حەسەکە بێ سۆراغ بوو و کەسوکارەکەى جەژنەکەیان لێ تاڵبوو، بەڵام ئەمڕۆ تەرمەکەى لە دەورووبەرى شارەکە دۆزرایەوە.
بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964 لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان، شۆفێرى تاکسییەکە ناوى(مەحمود محەممەد یونس)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1979ـیە، لە 25.5.2026ـەوە پەیوەندى بە خێزانەکەیەوە پچڕاوە.ئەوەش دوای ئەوەی سەرنشینێکی گەیاندووەتە هۆڵی (سلکۆ)ـی تایبەت بە بۆنە و ئاهەنگەکان لە ناوەندی حەسەکە، لەو کاتەوە خۆی بێسەروشوێن بووە و ئۆتۆمبێلەکەشی دیار نەماوە.
ئەمڕۆ دواى یەک هەفتە لە دیارنەمانى، تەرمى شۆفێرەکە لە دەورووبەرى شارى حەسەکە دۆزراوەتەوە، هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەڵام بەپێى بەدواداچوونەکانى پەیامنێرى 964 تائێستا هۆکارى گیانلەدەستدانەکەى روون نییە و کەس دەستگیر نەکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح