لە رێى چیپێکەوە

ئێنڤیدیا شۆڕشێک لە جیهانی کۆمپیوتەردا دروست دەکات

وریا فەتاح

کۆمپانیای “ئێنڤیدیا” (Nvidia)ی ئەمریکی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چپی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا، جۆرە چپێکی نوێ و زۆر بەهێزی بۆ لاپتۆپەکانی سیستمی ویندۆز ناساند، کە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (IA) کاردەکات.

جیێنسۆن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، لە میانەی بەشداریکردنی لە پێشانگای تەکنەلۆژیای “کۆمپیوتێکس” لە تایوان، نمایشێکی بۆ ئەو لاپتۆپانە کرد کە کارتی شاشەی جۆری (RTX Spark)یان لەسەر جێگیرکراوە و رایگەیاند: “کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و ئێنڤیدیا پێکەوە چەمکی کۆمپیوتەری کەسی (PC) سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە و ئەمە دەبێتە نەوەیەکی تەواو نوێ لە کۆمپیوتەر.”

ئامانجی سەرەکیی ئێنڤیدیا لە بەرهەمهێنانی ئەم سوپەرچپە، کۆنترۆڵکردنی بازاڕی کۆمپیوتەرە کەسییەکانە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی لێهاتووییەکانی ژیریی دەستکرد لە ناو بەکارھێنانی رۆژانەی کۆمپیوتەرەکاندا، بەجۆرێک کە خێزایی و توانای جێبەجێکردنی فرمانە ئاڵۆزەکان چەند بەرامبەر دەکات.

کۆمپانیاکە لە پێگەی فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، چپی “RTX Spark” لە توانادایە نەوەیەکی نوێ لە کۆمپیوتەر بخاتە بەردەست کە لە “ئامرازێکی سادەوە” بگۆڕێت بۆ “هاوکارێکی راستەقینەی کارکردن” لە رێگەی بریکارە کەسییەکانی ژیریی دەستکردەوە.

گرنگترین زانیارییەکان لەسەر ئەم گۆڕانکارییە:

لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا، کۆمپیوتەرەکانی ویندۆز لە براندەکانی (Lenovo, HP, Dell, Microsoft Surface, Asus, MSI) بەم چپە نوێیەوە بەردەست دەبن، دواتریش کۆمپانیاکانی Acer و Gigabyte دەکەونە شوێنیان.

ئەم هەنگاوە نوێیەی ئێنڤیدیا، ڕکابەری و تەحەدایەکی گەورەیە بۆ گەورە کۆمپانیاکانی بواری کۆمپیوتەر وەک “Apple” و “Intel”.

بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای گارتنەر، تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆمپانیاکانی (Lenovo، HP، Dell و Apple) نزیکەی 75%ی بازاڕی کۆمپیوتەری جیهانیان لەدەستدا بووە.

گەشەسەندنی خێرای سەنتەرەکانی داتا کە پاڵپشتی ژیریی دەستکرد دەکەن، یارمەتی ئێنڤیدیای داوە ببێتە بەهادارترین کۆمپانیا لە جیهاندا، بە جۆرێک بەهای بازاڕییەکەی 5 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.