پۆلیسى سۆران

کەسێک لەسەر دزینى 15 بوتڵى غاز دەستگیرکرا

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە لە ژێر کاریگەریی ماددەی هۆشبەردا دزیی لە چەند ناوچەیەکی گەشتیاریی سنوورەکە کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی سۆران کە ئەمڕۆ دووشەممە 1.6.2026 بڵاوى کردووەتەوە، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی (هەوار تەیب هەمزە و فەیسەڵ غازی سلێمان) سکاڵایان تۆمارکردووە کە دزیان لێکراوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
سکاڵاکاران ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لە ماوەی دوو شەودا، 15 بوتڵى غاز، 2 ئامێری چێشتلێنان و سێکوچکەی چێشتخانە لە دوو شوێنی گەشتیاری و کافتریایەکی هەردوو ناوچەی گەشتیاریی “دۆڵی ئالانە” و “کوری تەنگ” دزراون.
پۆلیسی سۆران ئاشکرای کردووە، دوای بەدواداچوونی ورد و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانراوە ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ر. ع. ح) ئاشکرا بکرێت. تۆمەتبارەکە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی لە کاتژمێر 4ـى بەیانیدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلای بەکارهێناوە، کە تابلۆکەی لێکردبووەوە و جامەکانیشی ڕەش کردبوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکە دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێر بووە، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانراوە دەستگیر بکرێت و رەوانەی سۆران بکرێتەوە. لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەرکەوتووە کە لە کاتی ئەنجامدانی دزییەکەدا بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە، لە ئێستاشدا بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.
پۆلیسی سۆران داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی بینین و هەستپێکردنی هەر رووداوێکى نەخوازراو، لە رێگەی هێڵە گەرمەکانی (104، 124، 134) و ژمارە (144)ی تایبەت بە بەشی نەهێشتنی تاوان پەیوەندییان پێوە بکەن کە پەیوەندیکردن پێیانەوە بێبەرامبەرە. هەروەها دەتوانن لە رێگەی ژمارە مۆبایلی (07503330104) لە ئاپەکانی ڤایبەر و واتساپ زانیارییەکانیان بە پۆلیس بگەیەنن.