گەرمیان

سێ کەس لەسەر دزینی سێ ماتۆڕی ئاوی کەمپی ئاوارەکانی قۆرەتوو دەستگیران

میلاد جەلال_گەرمیان

نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا سێ ماتۆڕی گەورەی ئاو کە بۆ بەھێزکرنی تواناى هەڵدانى ئاوى کەمپى ئاوارەکانى قۆرەتوو بە کاردەهاتن، دزران، بەڵام  پۆلیسی گەرمیان دەستەوسان نەبوو و سێ کەسی لەسەر ئەو دزیە دەستگیرکردووە.

سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـى وت،” شەش مانگ پێش ئێستا سێ ماتۆڕی ئاو لە کەمپی ئاوارەکانی قۆرەتوو دزرا، چەند رۆژێک پێش ئێستا سێ کەسمان لەسەر دزینی ئەو ماتۆڕانە دەستگیرکرد بەمادەی 446 لەیاسای سزادانی عێراقی”.

“ئەو کەسانە کوردن و دانیشتوی کەلارن، دانیان بە تاوانەکەیان ناوە کە ئەو سێ ماتۆڕەیان لەرۆژێکی سارد و باراناویدا بردووە و فرۆشتویانەتەوە”،سۆران حەمەغەریب وای وت.

وتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان وتیشی،”ئەو جێگایەی کە ماتۆڕەکانی لێبووە زۆر دووربووە لە جێگای پۆلیسەکانەوە و کەوتبووە کۆتایی کەمپەکە”.

کەمپی ئاوارەکانی قۆرەتوو لەسەرەتای ھاتنی داعش بۆ ئاوارەکانی ناوچەکانی خواروی عێراق دروستکرا، لەکۆتایی ساڵی 2023 کەمپەکە بەتەواوی چۆڵکرا، ئێستا بنکەی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیسی ناحیەی قۆرەتوی تێدایە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح