"نیوەی دارەکانی وشکبوون"
غاباتی رانیە نەخۆشە؛ فریای نەکەون لەکیس دەچێ
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
غاباتی رانیە توشی نەخۆشی بووە و مەترسی وشکبوون بۆ 50٪ـی دارستانەکە دروستبووە، زوو فریای نەکەون، لەکیس دەچێ.
بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکەی گونجاو، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی راپەڕین دانیشتنێکی کراوەی لەگەڵ چالاکوانانی بواری ژینگە سازکرد، غازی رەسوڵ ئەندازیاری کشتوکاڵ و پسپۆری رووەک بە 964ـی وت، “غاباتی رانیە تووشی جۆرێک لە نەخۆشی بووە و بەشێکی زۆر لە دارەکانی مەترسی وشکبوونیان لەسەرە، وشکساڵی و کەمبوونەوەی رێژەی شێ لە چەند ساڵی رابردووشدا یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ سەرهەڵدانی ئەو مەترسییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جۆری نەخۆشییەکە و دەرمان و چارەسەرییەکەی دەستنیشانکراوە و داواکاری و دەرخستەی دەرمانەکەش بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام تا ئێستا جوابیان نەبووە.
دارستانی دەستکردی رانیە زیاتر لە 51 ساڵ لەمەوبەر لە سەر رووبەری هەزار و 260 دۆنم زەوی دروستکراوە، کە لە هەر دۆنمێک 120 دار چێندراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری