بەلوعەی ئاوی ماڵان - وێنە: لە سۆشیاڵ میدیا وەرگیراوە
تەحەدییان لە پێشە
ژینگەی عێراق دەنگۆی شیاونەبوونی ئاوی ماڵان رەتدەکاتەوە
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ژینگەی عێراق بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئاوی عێراق بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ماڵان شیاو نییە.
لؤی موختار، وتەبێژی وەزارەتەکە، بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی وتووە، ئەو دەنگۆیانە بێ بنەمای زانستین و جیاوازی ناکەن لە نێوان کوالێتی ئاوی سەرچاوەکان “رووبارەکان” و ئەو ئاوەی کە پاش پاککردنەوە و تصفیەکردن دەگاتە ماڵان.
وەزارەتەکە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی ئاو، لە رێگەی 73 وێستگەی چاودێرییەوە لە سەرانسەری عێراق، مانگی دوو جار پشکنینی ورد بۆ ئاو ئەنجام دەدات و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش رۆژانە چاودێریی تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو دەکەن بۆ دڵنیابوون لە پاکژییەکەی.
ئەو وتی، تەحەددییەکی گەورە هەیە، ئەویش فڕێدانی ئاوەڕۆی خاوێن نەکراوەی شارەکانە بۆ ناو رووبارەکان، کە رێژەکەی لە بەغدا دەگاتە 45% و لە پارێزگاکانی تریش نزیکەی 70%،بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، وەزارەت جەخت لە پێویستیی بنیاتنانی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی پێشکەوتوو “سێ قۆناغی” دەکاتەوە و بە ئەولەویەتی خۆیان دەزانن بۆ پاراستنی کوالێتی ئاوی رووبارەکان و کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکان.