هۆکارەکەی چییە؟

سینگی مریشکی بەستوو لە دهۆک گرانبووە

هیڤی دێوال – دهۆک

کارتۆنی سینگی مریشکی بەستوو لە دهۆک گرانبووە، چاودێری بازرگانیش دەڵێت بەدواداچوون لەسەر نرخەکان دەکەن.

بەپێی بەدواداچونی 964 کە لە بازاری دهۆک کردوویەتی لە دوێنێوە نرخی سینگ بەرز بووەتەوە پێشتر یەک کارتۆنی سینگی مریشکی 10 کیلۆیی بە 42 هەزار دینار و کارتۆنی 15 کیلۆیش بە 63 هەزار دینار بوو، بەڵام لە دوێنێوە نرخی هەر کارتۆنێک سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

نەشوان دۆسکی، خاوەنی مارکێتێک و کۆگایە لە هۆک بە 964ـی وت، لەدوێنێوە نرخی کارتۆنی 10 کیلۆیی سینگی مریشکی بەستوو لە دوکانەکان گرانبووە و بۆ هەر کارتۆنێک سێ هەزار دیاری چووتە سەر، ئێستا یەک کارتۆنی 10 کیلۆیی سینگی مریشکی بەستوو بە 45 هەزار دینارە.

وتیشی، هۆکاری بەرزبوونەوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان، ئەوان وەک خاوەن دوکانەکان و فرۆشیارانی جوملە پێشبینی دەکەن دوای جەژن جارێکی تر نرخەکان دابەزن.

شوکری شەفیق، وتەبێژی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ژووری بازرگانی دهۆک بە 964ـی وت، لێکۆلینەوە دەکەن لە گران بوونی نرخی سینگی مریشکی بەستوو، و بەدواداچوون بۆ گران بوونی نرخەکەی دەکەن.

964 ویستی زانیاری زیاتر لەسەر هۆکاری گران بوونی نرخەکە لە چاودێری بازرگانی دهۆک وەربگرێت بەڵام، زانیاری و قسەی زیاتری نەکرد لەسەر ئەو بابەتە و وتی لە دوای بەدواداچوونەکانیان زانیاری زیاترتان پێ ئەدەین.

پێداچوونەوە: توانا نەقی