جەیدەن ئادەمز
دواى کرانەدەرەوەیان لە مۆندیال گیانى لەدەستدا
وریا فەتاح
یەکێک لە یاریزانانى هەڵبژاردەى باشورى ئەفەریقا، دواى چەند رۆژێک لە کرانەدەرەوەیان لە مۆندیال، گیانى لەدەستدا.
بەپێی راپۆرتى میدیا وەرزشییەکان، ئەستێرەی هەڵبژاردەی باشووری ئەفەریقا و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مامیلۆدی سەنداونز، جەیدەن ئادەمز، لە تەمەنی 25 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەم هەواڵە چاوەڕواننەکراوە تەنها چەند هەفتەیەک دوای بەشداریکردنی یاریزانەکە دێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیالی 2026. ئادەمز، کە نۆ یاری نێودەوڵەتی هەبوو، لە دوو یاری یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری کردبوو.
مردنی کتوپڕی ئەم یاریزانە شۆکێکی گەورەی لە جیهانی تۆپی پێدا دروستکردووە، بەتایبەتی کە کەمتر لە 24 کاتژمێر پێش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی، وێنەیەکی خۆی و (ئەکیلا)ی خۆشەویستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووەوە.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، یەکێتیی یاریزانانی تۆپی پێی باشووری ئەفریقا (SAFPU) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “ئێمە زۆر خەمبارین بە لەدەستدانی ناوەختی یاریزانی مامیلۆدی سەنداونز و هەڵبژاردەی نیشتمانی (بافانا بافانا)، جەیدەن ئادەمز.”
ئادەمز لە یارییەکەی وڵاتەکەی بەرامبەر مەکسیک بۆ ماوەی کاتژمێرێک یاریکرد، هەروەها لە یاری دووەمدا بەرامبەر کۆماری چیک وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری کرد و لە تایمی دووەمدا گۆڕدرا. دواتریش لە یارییە یەکلاکەرەوەکەدا بەرامبەر کۆریای باشوور وەک یاریزانی یەدەگ هاتە ناوە بۆ گەیاندنی هەڵبژاردەکەی بە قۆناغی 32.
جێی باسە، تەنها رۆژێک پێش یارییەکەی وڵاتەکەی بەرامبەر چیک لە مۆندیالدا، نەنکی ئادەمز (ماریانا) لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دوایی کردبوو. لەو کاتەدا، یەکێتیی تۆپی پێی باشووری ئەفریقا (SAFA) سەرسامی خۆیان دەربڕی کە سەرباری ئەو خەمە گەورەیە، جەیدەن ئامادە بوو یاری بکات و هەموو توانایەکی خۆی پێشکەشی هەڵبژاردەکەی کرد.