عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق – وێنە؛ ئەرشیف
عەلی زەیدی وتارێکی پێشکەش کرد
“هەر وەزیرێک تێبینی لەسەربوو یەک سەعاتدا لە پۆستەکەی نامێنێتەوە”
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی دەڵێ، حکومەت بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، و جەختی کردەوە کە ئەمە “هەڵمەتی یەکەمە” و هەنگاو و رێکاری دیکەی بەدوادا دێت، هاوكات بەڵێنی گێڕانەوەی سامانی گشتی و قۆرخکردنی چەکی لە دەستی دەوڵەتدا دا.
هەروەک زەیدی هۆشداری خۆی بۆ وەزیرەکانی ناو کابینەکەی نارد و وتی، هەر لایەنێک تێبینی لەسەریان هەیە بۆم بنێرێت، نایەڵم یەک سەعات لە پۆستەکانیان بمێننەوە.
زەیدی، لە وتارێکدا لە ماوەی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیراندا پێشکەشی کرد و درەنگانی ئەمشەو بڵاوکرایەوە رایگەیاند، حکومەت راوەدووی هەر کەسێک دەنێت کە سامانی گشتی بدزێت، و داوای لە هەر کەسێک کرد کە سامانی گشتی لەبەردەستدایە بیگەڕێنێتەوە، و جەختی کردەوە کە “پێویستە سامانی گەل بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان”.
زەیدی وتی، ئەو لەلایەن هاووڵاتییانەوە راسپێردراوە بۆ بەدیهێنانی ئومێد و بونیادنانی دەوڵەت، و ئەو بەرپرسیارێتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و خوێنیان لەئەستۆ دەگرێت، و لە بەرامبەر هیچ هەڵەیەکدا بێدەنگ نابێت یان دڵ نەرم نابێت لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق.
ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لە ماوەی ئەم ساڵەدا جیاواز دەبێت، و سەرنجی خستە سەر بوونی ئارەزوو بۆ گرێبەستکردن لەسەر بەرهەمهێنانی 25 هەزار مێگاوات لە وزەی کارەبا، هاوتەریب لەگەڵ چاککردنەوەی تۆڕی کارەبا، و ڕوونی کردەوە کە دۆخی کارەبا لە ساڵی داهاتوودا باشتر دەبێت، و لەو ساڵەی بەدوایدا دێت شایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەتر دەبێت.
زەیدی جەختی کردەوە کە عێراق لاپەڕەیەکی نوێ دەستپێدەکات، و چەک تهنیا لە دەستی دەوڵەتدا دهبێت، و هێز تەنیا بۆ دەوڵەت دەبێت بە تەنیایی، سەرۆک وەزیران وتی، هەر گەندەڵکارێک لەم حکومەتەدا حهسانهی (پارێزبەندی) نابێت، و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ قوربانیدان لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتدا، و وتی ئەو هەوڵ بۆ نوێکردنەوە یان خۆپاڵاواتنەوە نادات، بەڵکو هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخانە دەدات کە “ناتوانرێت بێدەنگییان لێ بکرێت.