نەمام دەچێنن

 گەنجانی گوندى ئێنێ رێگاى گوندەکەیان سەوز دەکەن

964+

ئاکام غەفور-سۆران

چەند گەنجێکى گوندى ئێنێ رێگەى گوندەکەیان سەوز دەکەن، داواش دەکەن هاوکاریى بکرێن بۆ ئەوەى رێژەى سەوزایى بەرز بکەنەوە.

ژمارەیەک گەنجى گوندى (ئێنێ)ـى سەر بە ئیدارەى سۆران، سەرقاڵى چاندنى ژمارەیەک دارى توون لەسەر رێگەى گوندەکەیان.

ئەو گەنجانە دوێنێ هەینى، 70 دار توویان چاندووە و بەنیازن لە رۆژانى داهاتوشدا 70 دارى دیکە بچێنن.

دارە چێندراوەکان لە جۆری توو قەسپن، لە سەر رێگای گوندەکە چێندراون، ئەو شوێنەی دارەکانی لێ چێندراوە پێشتر هیچ دارێکی لێ نەبووە.

بەشدار ئێنەیی گەنجێکی دانیشتوى گوندەکەیە و لەبارەى کارەکەیانەوە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، 70 نەماممان ناشتووە و 140 چاڵمان ئامادە کردووە، دەمانەوێت لە رۆژانى ئایندەشدا ئەوانیش بچێنین.

ئەو گەنجانە هەر بە چاندنى نەمامەکان وازناهێنن و بڕیاریانداوە بۆڕى ئاوى بۆ رابکێشن و بە رێگەى دڵۆپە دارەکان ئاو بدەن و لە مەترسى گەرما بیان پارێزن.

داواش دەکەن، خەڵک و ژینگەپارێزانى ناوچەکە هاوکاریان بن لە دابینکردنى نەمامى تووى قەسپ.

گوندى ئێنە، دەکەوێتە سنورى باڵەکایەتى سەر بە قەزاى چۆمانە لە ئیدارەى سۆران، کە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکان و رێگاى کوێستانەکانى پرژێ بەو گوندەدا تێدەپەڕێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هەڵمەتی بەخشینی نەمام ده‌ستپێكرد

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هەڵمەتی بەخشینی نەمام ده‌ستپێكرد