له‌گوندێكى سه‌یدسادق

كاره‌باى 50 دووكان و شوێنى بازرگانى بڕدرا كه‌مه‌ترسیان دروستكردبوو

964

عومه‌ر فه‌تاح ـ سه‌یدسادق

تیمه‌كانى چاكسازى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دابه‌شكردنى كاره‌باى سه‌یدسادق، ئه‌مرۆ له‌گوندى كانى پانكه‌ هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ لابردنى مه‌ترسیه‌كانى تۆڕى كاره‌با ده‌ستپێكردووه‌ و كاره‌باى 50 دوكان و كه‌پرو شوێنى بازرگانیان له‌ سنوورى ئه‌و گونده‌ بڕیوه‌.

عوسمان ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى كاره‌باى سه‌یدسادق به‌ 964ـی وت، تیمه‌كانى چاككردنى تۆڕى كاره‌باى سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان چوونه‌ته‌ گوندى كانى پانكه‌ له‌سه‌ر رێگاى سه‌یدسادق – سلێمانى، كاره‌باى 50 دوكان و شوێنى بازرگانیان بڕیوه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنانه‌ كه‌پرو به‌شێك له‌ دوكانه‌كانیان له‌ ژێر یاخود زۆر نزیك بوون له‌ تۆڕه‌كانى كاره‌با دروستكردووه‌و ئه‌مه‌ش مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌بوو كاره‌سات و روداوى نه‌خوازراوى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كاره‌باى سه‌یدسادق ئه‌وه‌شى خسته‌روو، به‌شێكى دیكه‌ له‌ دوكانه‌كان كه‌ كاره‌بایان بڕاوه‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆ یاخود هاوبه‌شى كاره‌بایان نه‌بووه‌ بۆیه‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ئه‌وانه‌ سه‌رجه‌میان بڕاون و ده‌بێت سه‌ردانى فه‌رمانگه‌ى كاره‌با بكه‌ن وزیادەڕۆییەکەیان لێبكه‌نه‌وه‌ ئه‌وكات كاره‌باكه‌یان بۆ چاك ده‌كرێته‌وه‌.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

فەرمانگەی کارەبای سەیدسادق دوا مۆڵەت دەداتە خاوەن باخ ...

فەرمانگەی کارەبای سەیدسادق دوا مۆڵەت دەداتە خاوەن باخ و ڤێلاکان