شەوێک وەک فێلمى هۆلیۆد
کەلـلەى شەڕەف؛ ئەو چرکەساتەى زێدانى قەفەزى سنگى ماتیرازى پێکا
وریا فەتاح
زۆر جار لە تۆپى پێدا، جیاوازى فرمێسک و خۆشى، سەرکەوتن و شکست، تەنیا یەک تاڵە موو نێوانیانە، یەک هەڵە یەک هەل، دەبێت بە چرکەساتێک کە رێڕەوى سەرکەوتن و شکست دەگۆڕێت.
20 ساڵ لەمەوبەر، هاندەرانى تۆپى پێ بەدیار یارى کۆتایى مۆندیالى 2006ـەوە دانیشتوون، شەوێک تەنیا یارى کۆتایى مۆندیال نەبوو، بەڵکو کۆتا ساتەکانى جادوگەرێکى تۆپى پێ بوو کە بە کەلـلەى سەرى لە یارى کۆتایى 1998، وەک ئەفسانەیەک ناوى خۆى لە ریزى گەورە و سەردارەکانى تۆپى پێدا نوسییەوە.
هەموو شتێک وەک سیناریۆی فیلمێکی هۆلیۆد وابوو، لەسەرەتاى یارییەکەدا، زیزۆ بە لێدانى پانێنکا، تۆڕى بۆفۆنى هەژاند، ئەو گۆلچییەى وەک جاڵجاڵۆکە تۆڕى گۆلەکەى داپۆشیى بووـ بەڵام زێدان پێى وت،”من گەورەى بێ رکابەرى ئەم ساتانەم”. بەڵام ماتێرازى بە کەلـلەیەکى بەهێز، وەڵامى زێدانى دایەوە و کۆڵى یەکسانبوونەوەى هێنا.
یارییەکە بەم ئەنجامە مایەوە و چووە کاتى زیادکراو، خولەکى 110ـى یارییەکەیە ماندوێتى و عارەقکردنەوە زێدانى کردووە بە پەڕۆیەکى خوساو، لەو ساتەدا هەموو شتێک گۆڕا، مارکۆ ماتێرازى درێسەکەى زێدانى راکێشا، بەڵام زێدان فەرامۆشى کرد، دواتر ماتیرازى دواى کەوت و بە چەند وشەیەکى ژەهراوى کە دواتر ئاشکرابوون چى وتووە، دەمارەکانى زێدانى گرت و ئەو ئەفسانەیە بێ بیرکردنەوە وەک گایەکى شێت گەڕایەوە و بەهەموو توانایەوە کەلـلەیەکى لە قەفەزى سنگى ماتیرازى داو تەختى زەوى کرد.
لەو چرکەیەدا، ئەو ئیتر کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا نەبوو، ئەو پیاوێک بوو بەرگری لە شەرەفی خێزانەکەی دەکرد، بەمەش زیزۆ بەو سەرەى مۆندیالى 1998ـى بۆ پاریس بردەوە، هەر بەو سەرە گورزێکى مێژووى لە فەرەنسادا، چونکە ناوبژیوان راستەوخۆ بە کارتى سور کردیە دەرەوە.
بینەران لە شاشەکانەوە و ئامادەبوانى ناو یاریگان هەمووان شۆک ببون، نەیاندەزانى چ کارەساتێک روویداوە.. ئەمە کۆتاییەکە بوو، زێدان سەرى داخست و بە تەنیشتى جامى مۆندیالەوە بەرەو تونێلى یاریگا بەڕێکەوت. لاى ئەو جامى شەڕەف و شکۆ لە هەموو شتێک گەورە تر بوو.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو چرکە ساتە رووینەدایە و زێدان بەردەوامبوایە لە یاریکردن، فەرەنسا نازناوەکەى لەدەست دەدات؟.