"یەکەکانیان لەسەر تاپۆ بکەن"

شارەوانیی سلێمانی ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون ئاگادار دەکاتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی سلێمانی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە ئاگادار دەکاتەوە، کە زەوییەکانیان موڵکی تایبەتن و کراون بە پڕۆژە، پێویستە یەکەکانیان جیا بکەنەوە و لەسەر کڕیارەکانیان تاپۆ بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 30.3.2024 دانیشتوانی پڕۆژەی “ئیمپایەر سیتی” بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان چوونەتە شارەوانیی سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، کێشەی دانیشتوانی پڕۆژەکە نەبوونی سەوزایی و رێگاوبانی پێوست و نەبوونی دایەنگا و باخچە و کێشەی ئەسانسۆر بووە، کە بەردەوام کێشە و مەترسیی بۆ دانیشتوانی پڕۆژەکە دروست کردووە.

ژمارەی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی لەسەر موڵکی تایبەت دروستکراون 27 پڕۆژەن و شارەوانیی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بۆ ماستەرپلانی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە، کە مۆڵەتی پێ وەرگیراوە.

راگەیەندراوەکەی شارەوانیی سلێمانی ئەوەشی تێدا هاتووە، “هەر 27 پڕۆژەکە ئاگادار کراونەتەوە بە ئەنجامدانی رێکاری یاسایی پڕۆژەکان وەک؛ ئیفرازکردن، جیاکردنەوە و تاپۆکردنی یەکەکان لەسەر پڕۆژەکان، کە تا ئێستا تەنیا چەند پڕۆژەیەک پابەند بوون”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداریش بە پڕۆژەکان دراوە، ئەگەر پابەند نەبن رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.

شارەوانیی سلێمانی بوو بە خاوەنی دوو ئامێری فاریشە

شارەوانیی سلێمانی بوو بە خاوەنی دوو ئامێری فاریشە