"باب مه‌نده‌ب ده‌گۆڕین بۆ "هورمز"ێکی دیكه"‌

قائانی دەرکەوتەوە و نوێترین هەڕەشەی ئێرانی بە ئەمریکا و ئیسڕائیل راگەیاند

فەرهاد حەسەن

ئێران هۆشداری ده‌دات کە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و کەرتی غەززە دەتوانێت پاڵ بە به‌ره‌ی مه‌قاوه‌مه‌وە بنێت بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت چولەی کەشتیوانی لە گەرووی باب مەندەبەوە هاوشێوەی گەرووی هورمز رابگرێت.

ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی ئەو هەڕەشەیەی لەزاری ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران وەکو‌ پەیامێکی هۆشداری بڵاوکردووەتەوە و باسی له‌وه‌كردوه‌، “هێرشەکانی ئیسرائیل لەژێر پاڵپشتی ئەمریکا، پابەندبوونی به‌ره‌ی مه‌قاوه‌مه‌ بە پشتیوانیکردنی بەرەی لوبنان و غەززە بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی هەنگاو بنرێت بۆ گۆڕینی مەرجەکانی گواستنەوەی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووی باب مەندەبەوە هاوشێوەی گەرووی هورمز”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل دەتوانێت دەرگا بەڕووی “کردەوەی هاوبەش” لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بکاتەوە، كه‌ ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری فراوانکردنی فشارەکان لەسەر هێڵی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی.

ئەم هەڕەشە نوێیەی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پەرەی سەندووە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28.2.2026ەوە چەند شوێنێکی ناو ئێرانیان کردە ئامانج و دواتر توندترکردنی سنوردارکردنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی و کەشتیوانی دەریایی هەبووە.