کامێراى پۆینت تو پۆینت لە رێگاى دوکان تاسلوجە
دوکان تاسلوجە دەبێت بە وەن پۆینت
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای کەلار – کفری دەکەوێتە کار
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە کامێراکانی تیژڕەوی لە رێگای کەلار – کفری دەکەونە کار، هەروەها سیستەمی بەشێک لە کامێراکانی رێگاکانی دەرەوەی شار گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی هاتووچۆی سلێمانی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 7.6.2026 کاتژمێر 10ی بەیانی، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ (Point to Point) لەسەر رێگای نێوان کەلار – کفری و بەپێچەوانەشەوە دەکەونە کار و بە فەرمی سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەمان رۆژ و کاتدا، بەشێک لەو کامێرایانەی پێشتر لە رێگاکانی دەرەوەی شار بە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ کاریان دەکرد، دەگۆڕێن بۆ سیستەمی یەک خاڵ (One Point).
ئەو کامێرایانەی دەگۆڕێن بۆ سیستەمی یەک خاڵ بریتین لە:
کامێرای یەکەم و کۆتایی رێگاکانی (تاسڵوجە – دوکان)، (تاسڵوجە – چەمچەماڵ)، (هوانە – وارماوە)، (عەربەت – هەڵەبجە و پێنجوێن) و (کەلار – کفری)، بە هەردوو ئاراستەکانیانەوە.
کامێرای رێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ (ناو تەکیە).
کامێرای ناو قەزای چەمچەماڵ بە هەردوو ئاراستەکە.
کامێرای عەربەت – هەڵەبجەی شەهید (بەردەم گوندی گرێزە).
کامێرای ناو عەربەت بە هەردوو ئاراستەکە.
لە روونکردنەوەکەی هاتووچۆدا ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا لەسەر رێگاکانی تاسڵوجە ـ دووکان و تاسڵوجە ـ چەمچەماڵ، هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک دانراون و کاریان پێ دەکرێت، داواش لە شۆفێران دەکات پابەندی خێراییەکان بن بۆ ئەوەی دووربن لە لێپرسینەوەی یاسایی و رووداوەکانی هاتووچۆ.