زیاتر لە 40 کاتژمێرە زێی دوکان روون نەبوەتەوە
ئەم ئێوارەیە دابەشکردنی ئاو لە قەزای دوکان دەستپێدەکاتەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
زیاتر لە 40 كاتژمێرە ئاوی زێی دوکان هەر لێڵە و هێشتا روون نهبووهتهوه، ئەمەش دوای بەیەکدا کێشانی دوو بارهەڵگر و رژانی نەوتی رەشی بارهەڵگرەکان بۆ ناو زێیەکە، بەڵام ئەم ئێوارەیە پرۆسەی دابەشکردنی ئاو بۆناو قەزای دوکان دەستپێدەکاتەوە.
هەر بۆئەوەی خێراتر رێژەی لێڵی ئاوەکە کەمبێتەوە، پرۆسەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوکان زیادکراوە و ئێستا دوو یەکەی کارۆئاوی بەنداوی دوکان کار دەکات.
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان بە 964ی وت، “دوای هاتنی تیمێکی دڵنیایی جۆری خۆپاراستنی سلێمانی و مەڵبەندی خۆپاراستنی شەهید مەحمود سێدەرین لەدوکان ئاوی زێییەکە تێست کراو دەرکەوت گونجاوە بۆ دابەشکردن و لەقەزای دوکان پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت ئەوان بڕیار بدەن”.
بەوتەی قایمقامی قەزای دوکان “ئەگەر تێستی ئاوەکە بۆ قەزای دوکان گونجاو بێت، بۆ سلێمانی دووجار گونجاوە”.
نزیکەی کاتژمێر 7:00ی شەوی پێنجشەممەی رابردوو 28.3.2024 لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای دوکان بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە نێوان دوو بارهەڵگری گواستنەوەی سووتەمەنی، بەشێک لە ئاوی زێیی دوکان پیس بوو، هەرئەوکات بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و فەرمانگەی ئاوی دوکان ئاگادارکرانەوە لە پیس بونی زێیی دوکان و پڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاوی ماڵان راگیرا.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی