هۆشداریش دەدات
خۆبەخشێک لە 5ـی بەیانییەوە بەدوای تەرمەکەی سیرواندا دەگەڕێت
میلاد جەلال- گەرمیان
لە کاتژمێر پێنجى بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، گەنجێکى خۆبەخش کە وەک دەڵێت بە “هەڵۆکەى گەرمیان” ناسراوە، چووەتە دەمى رووبارى سیروان و بەدواى ئەو تەرمى ئەو گەنجەدا دەگەڕێت کە ئێوارەى دوێنێ لە رووبارەکەدا خنکاوە.
هەڵۆ کەلهوڕی، ئەو گەنجە مەلەوان و خۆبەخشەیە کە لەکاتی گەڕانەکەیدا قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ئەمساڵ ئاستی ئاوی رووباری سیروان زۆر بەرزە و ئاوەکەش بەتەواوی ساردە، بۆیە پێمان وایە تەرمەکە لەو شوێنە نەمابێت کە لێی خنکاوە و رەوتى ئاوەکە دووری خستووەتەوە”.
هەڵۆ کە مەلەوانێکى لێهاتووە، هۆشدارى دەداتە هاوڵاتیان و داوا دەکات خۆیان لە رووبارەکە بەدوور بگرن، تاوەکو کارەساتی لەم شێوەیە بەرۆکی ماڵێکی دیکە نەگرێت.
“نەشارەزایی هۆکاری سەرەکیی خنکانە، چونکە سروشتی ئاو وایە بەسەر توانای مرۆڤدا زاڵ دەبێت و سواری مرۆڤ دەبێت، ئەگەر بە نەشارەزایی بچیتە ناوی، بێگومان تووشت دەکات و ژیانت لێ دەسەنێتەوە”، هەڵۆ واى وت.
لە ئێوارەى دوێنێوە، گەنجێک لە رووبارى سیروانى نزیک قەزاى کەلار خنکاوە و تائێستاش تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح