"دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەکە"

حکومەت بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پارە بۆ ماستەرپلانی هەڵەبجە

964+

ژووری هەواڵ

ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی دا بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە، وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت، هەنگاوەكانی پرۆژەكە بەزووترین كات دەستپێدەکەن و جێبەجێی دەكەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.3.2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ماستەرپلانی هەڵەبجە لە ئەولەویەتی پرۆژەكانی حكومەت و وەزارەتەکەدایە، چونكە دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو روویەكەوە.

“[پرۆژەکە] دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە، ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی شارەكە لەخۆدەگرێت و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت”، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وا دەڵێت.

ئەندازیار خێڵان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، رێکخراوی VNGـی هۆڵەندی بۆ کاری داتاکۆکردنەوە و هەندێک کاری دیکەکە ئامادەکاریان کردوە و وەک کاری ماستەرپلانەکە وەزارەت خۆی سەرپەرشتی دەکات.

لە پرۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت.

“دوای بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە، كارەكانی پرۆژەكە پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وا دەڵێت.

هەڵەبجە دەبێتە خاوەن ماستەر پلان

هەڵەبجە دەبێتە خاوەن ماستەر پلان