بەبڕیاری قایمقامیەت

بارهەڵگرەکانی بازگەی تۆپزاوە گەڕانەوە بۆ هەولێر

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

دوای سێ رۆژ لە داخستنی رێگەی کۆیە بەرووی بارهەڵگران لەلایەن هاوڵاتییانی شاری کۆیەوە و مانەوەی بارهەڵگرێکی زۆر لەبەردەم بازگەی تۆپزاوا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەبڕیاری قایمقامی قەزای کۆیە، تەواوی بارهەڵگرەکان گەڕانەوە بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو شوێنەیان چۆڵکرد.

تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، بە 964ی وت، “بڕیارماندا رێگەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بگوازینەوە بۆ رێگەی بالیسان و سماقوڵی، رێگەیەک زیاترمان بۆ دابینکردوون بۆ ئەوەی هاتوچۆی تێدا بکەن، بۆئەوەی ئەو لۆدە زۆرەش کە هەیە کەمبێتەوە، بەڵێنیشمان بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە داوە کە بارهەڵگرەکان هاتوچۆی پێدا دەکەن، نۆژەنی بکەینەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبێت”.

بەشی زۆری بارهەڵگرەکان بە باری پڕەوە ماوەی سێ رۆژە لە بازگەی تۆپزاوەی شاری کۆیە ماونەتەوە، لەو ماوەیە بۆ چەندینجاریش شۆفێری بارهەڵگرەکان رێگاکەیان داخست، دواجار چارەسەرێکی کاتییان بۆ دۆزرایەوە، تاوەکو بە ریشەیی چارەسەری کێشەکە دەکرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی