ئێوارەی ئەمڕۆ
چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بازگەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات
964+
فەهمی نەبی
ئێوارەی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور هێرشیان کردە سەر بازگەیەک و دوو چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژران، ئەمەش بەپێی راگەیەنراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ.
ئەو شوێنەی هێرشەکەی لێ ئەنجامدراوە بازگەیەکی ناحیەی ئەلسور لەباکوری دێرەزوور بووە و ماتۆڕسوارێک هێرشەکەی ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بێت چەکدارانی داعش لەناوچەکانی “ئیدارەی خۆسەر” (بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا) لە سەرەتای ئەمساڵدا 67 هێرشیان بۆسەر ناوچەکانی خۆسەر ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە 19 چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون.
لەو 67 هێرشەی چەکدارانی داعش ئەنجامیانداوە، 56 هێرشیان لەناوچەی دێرەزوور بووە، شەشیان لە حەسەکە و پێنج هێرشیان لە رەققە بووە.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لەساڵی 2013 دامەزراوە و پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و مەسیحی ناوچەکە تیایدا بەشدارن، هەریەکە لە پارێزگاکانی حەسەکە، رەققە، حەلەب و دێرەزۆر بەڕێوەدەبەن.