لە سلێمانی
هاوکاریی هونەری پێشکەشی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لە لایەن رێکخراوی BBWـی ئەڵمانی بە هاوکاریی ژووری بازرگانیی سلێمانی هاوکاریی هونەریی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەکرێت.
964 لە ژووری بازرگانیی سلێمانییەوە دەزانێت، هاوکارییە بریتییە لە راوێژی یاسایی، چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکانی پڕۆژەکان و هەروەها چۆنێتیی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوە و زیادکردنی بەرهەم.
“ئێمە لە کارنامەماندا گرنگیی بەرچاو بە پڕۆژە مامناوەند و بچووکەکان دەدەین، هاوکاریی ئەو رێکخراوە ئەڵمانییەش لە هەمان چوارچێوەدایە و جێگەی بایەخە”، ئەوە قسەی نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانییە بۆ 964.
وتیشی، “دەمانەوێت هەنگاوێکی زیاتری بەرەوپێشبردنی کاری ناوخۆ و بەرهەمهێنانی پڕۆژە ناوخۆییەکان زیاد بکەین و دەرفەتی کارکردن زیاتر بڕەخسێنین و گەنجان هان بدەین دەست بە پڕۆژەی خۆیان بکەن”.
زانیارییەکانی 964 دەریدەخەن، پڕۆژە مامناوەندەکان و بچووکەکان لە بووارەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی، گەشەپێدان و ئای تی و چەند بووارێکی دیکەش دەگرێتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی وتیشی، “ئەو رێکخراوە خولی هۆشیاری و شێوازی چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان بۆ خاوەن پڕۆژەکان دەکاتەوە”.
BBW رێکخراوێکی ئەڵمانییە و زیاتر لە 40 ساڵە خزمەتگوزاریی ئابووری پێشکەش دەکات و یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی راهێنانی پیشەیی.