دوو موچەیان وەرنەگرتووە

پاکەوانانی قەڵادزێ نیگەرانن و بەو جەژنە بێ پارەن

+964

محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

کرێکاران و پاکەوانانی کۆمپانیای بیڤان لە قەڵادزێ نیگەرانن و دەڵێن لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا تەنیا موچەیەکیان وەرگرتووە، ھەموو موچەخۆران دوو موچەیان پێدراوە، بەڵام ئەوان بۆ جەژن موچەیان وەرنەگرتووە و موچەکەی ئەوان لەھی ھەموو موچەخۆرانیش کەمترە.

حەسەن ئەحمەد، پاکەوانی ژینگەیە و بە 964ـی وت، “وەک کارمەندێکی کۆمپانیای بیڤان لە قەڵادزێ ئەرکی ئێمە پاککردنەوەی شارە، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار، موچەمان بۆ خەرج بکەن لەبەرئەوەی بارودۆخی داراییمان زۆر خراپە بەتایبەت لەمانگی رەمەزاندا کە خێرخوازان نەبان ئێمە نەماندەتوانی نانوخوانێکی باش بەدەستبخەین.

سۆران بەرزە سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان لە قەڵادزێ بە 964ـی وت، “ژینگەپارێزانی کۆمپانیای بیڤان لەسەرەتای رەمەزان موچەیەکیان وەرگرتووە، ئێستا کۆمپانیا دوو موچەی کرێکارەکان قەرزدارە، هۆکارەکەی ئەوەیە حکومەت پارەی بۆمان خەرج نەکردووە، تا ئێمەش پارە بدەین بە کرێکارەکانمان.

وتیشی، هەموو موچەخۆران دوو موچەیان وەرگرتووە، کارمەندانی ئێمە موچەیان لە کارمەندانی دیکەش کەمترە و یەک موچەشیان وەرگرتووە، چاوەڕوان بوون بۆ ئەوانیش هاوشێوەی موچەخۆران موچەیەیان بۆ بێت، کەچی بۆیان نەهات، ژینگەپارێزانی قەڵادزێ هیچ ئیشێکی تریان نییە خەڵکیش کەمتر ئیشوکاریان دەدەنێ جگە لەو کارەی ئێمە، لەبەر‌ئەوەی زۆربەیان کەمئەندامن و ناتوانن ئیشی دیکە بکەن.

کۆی گشتیی پاکەوانانی ژینگە لە قەڵادزێ نزیکەی 150 کرێکارن و موچەکەیان 350 تا نزیکەی 500 هەزارە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

100 ژینگەپارێزی کەلار جەژنانەیان وەرگرت

100 ژینگەپارێزی کەلار جەژنانەیان وەرگرت