چەند خوێندکارێکی بەشداربووی خولەکە - وێنە: کشتوکاڵی هەڵەبجە
"دەتوانن ببنە خاوەن کاری خۆیان"
25 ژن بڕوانامەی پیشەسازیی خۆراکیان پێدرا
پێشەوا محەمەد
25 ژنی دەرچووی کشتوکاڵی لە پارێزگای هەڵەبجە بڕوانامەی پیشەسازیی خۆراکیان پێدرا، کە ماوەی شەش رۆژ بوو خولیان بۆ کرابووەوە.
خولەکە لە لایەن رێکخراوی UNDPـیەوە کراوەتەوە و لە کۆتایی خولەکەشدا بڕوانامە بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەکرێت.
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو پیکهاتە خۆراکییانەی خوێندکارەکان لە زانکۆ خوێندوویانە لە خولەکەدا بە کرداری دروستی دەکەن و دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی توانای کشتوکاڵییان و بەرهەمهێنانی خۆراکی ئاوێتە.
وتیشی، “خولەکە لە لایەن پسپۆڕ و شارەزایانی پیشەسازیی خۆراکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە وتراونەتەوە و شارەزاییەکی باش لەوبارەیەوە بە خوێندکارەکان دراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوام خولی جۆراوجۆری کشتوکاڵی بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ جوتیاران و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان دەکاتەوە.
“ئەو خولە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو دەرچووانە ئاسانتر لە کارگە خۆراکییەکان دابمەزرێن یاخود خۆیان ببنە خاوەنی کارگەی خۆیان و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان دەبین”، ئەوەش قسەی ستار مەحمودە.
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP لە نزیکەی ١٧٠ وڵات و خاکدا کار دەکات، یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە نەهێشتنی هەژاری و کەمکردنەوەی نایەکسانی و دوورخستنەوە. یارمەتیی وڵاتان دەدەن بۆ پەرەپێدانی سیاسەت، لێهاتوویی سەرکردایەتی، تواناکانی هاوبەشی، توانا دامەزراوەییەکان و بنیاتنانی خۆڕاگری بە مەبەستی بەردەوامبوونی ئەنجامەکانی گەشەپێدان.