کریستیانۆ و میسی بە وێنەیەک بێرناردیان کردە دەوڵەمەندترینی دونیا
مەسک پلەی یەکەمی لە دەستدا
+964
عادل کانەبی
وێنەکەی میسی و کریستیانۆ، خاوەنی گروپی لوی ڤیتۆنی کردە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، ئیلۆن مەسکیش کە دەوڵەمەندترین پیاوی دونیا بوو لە 2022 زۆرترین زیانی کردو پلەی یەکەمیشی لە دەستدا.
ئەسۆشێیتد پرێس AFP لیستی 10 دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر پێشەنگی لیستەکەی جێهێشتووە بۆ خاوەنی گروپی لوی ڤیتۆن کە بە هۆی بەکارهێنانی هەردوو ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئەستێرەی ئەرژەنتین لیۆنێل مێسی لە رێکلامێکی بازرگانی توانی ببێت بە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان.
ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەی کۆمپانیای تێسلا لە سەرەتای ساڵی 2021 بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، بەڵام دوای دوو ساڵ ئەو ناسناوەی لەدەستدا.
بەهای کۆمپانیای تێسلا لە 2021 بە 137 ملیار دۆلار دەخەملێنرا، بەڵام بۆ 2022 ئەم خەملاندنە بۆ 76 ملیار دۆلار دابەزی، دابەزینی بەرچاوی بەهای کۆمپانیای تێسلا و کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی سامانی مەسک بۆ 146 ملیار دۆلار.
مەسک سەرەتای ساڵی 2022 خاوەنی 304 ملیار بوو، بەڵام سەرمایەکەی بۆ نیوە زیاتر دابەزیوە، بە یەکێک لەو دەوڵەمەندانە دادەنرێت کە ساڵی 2022 زۆرترین زیانی کردووە.
ئەم لیستەی کە AFP بڵاوی کردەوە بەم جۆرەیە بوو:
1. بێرنارد ئارنۆڵت – 204 ملیار دۆلار
2. ئیلۆن ماسک – 146 ملیار دۆلار
3. گاوتام ئادانی – 133 ملیار دۆلار
4. جێف بیزۆس – 118.3 ملیار دۆلار
5. وارن بافێت – 111 ملیار دۆلار
6. بیل گەیتس – 103.6 ملیار دۆلار
7. لاری ئێلیسۆن – 109.8 ملیار دۆلار
8. موکێش ئەمبانی – 88.1 ملیار دۆلار
9 – لاری پەیج – 80 ملیار دۆلار
10- ستیڤ بالمەر – 77.5 ملیار دۆلار