ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ

پارێزگای هه‌ولێر هۆشداریی ده‌دات و چه‌ند بڕیارێكی بڵاوده‌كاته‌وه‌


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سەبارەت بەو بارانبارینەی چاوەڕوان دەکرێت ئه‌مڕۆ و سبه‌ی له‌ هه‌ولێر ببارێت، پارێزگای هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كرد و چه‌ند رێنماییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رانی چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی ئیداری، ئێوارەی یەکشەممە ئه‌نجام درا و تاوتوێی بارودۆخی كه‌شوهه‌وا و پێشهاته‌كان كرا.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌رچوون:

یەکەم: سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکى عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى، کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
دووەم: بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەڕۆ و ئاودێرى، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەى رێرەوه‌کانى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).
سێیەم: سەرۆکایەتیى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکى چاوەڕواننەکراو.
چوارەم: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیى پاراستنی رێگاوبانی هەولێر، وەک پێشووتر لەسەر رێگا گشتی و سەرەکییەکانى دەرەوەى شار دابەش دەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە رێگا سەرەکییەکان.
پێنجەم: (ئاسایش، پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
شەشەم: ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەر رووداوێک و دروستبوونى هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکى نەخوازراو.
حەوتەم: سەرجەم شار و سیتییەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەى ڕێرەوى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورسى کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانى سنوورەکانیان  بەرپرسیارن.
هەشتەم: داواى لە هاوڵاتیان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکان بن و پابەندی رێکار و رێنماییەکانبن، لە حاڵەتى بارانبارینى زۆر نزیکى رووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاویان بەرزدەبێتەوە.
نۆیەم: سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان هەریەکه‌ و بە ئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت.

پێشبینییەکانی کەشناسی ئەوەیە، ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلێکی بەهێزی باران شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەجۆرێک لەهەندێ ناوچە پێشبینی بارینی سەروو 100 ملم باران دەکرێت بەهۆی دروستبوونی هەوری سوپەر سێڵ.