مۆڵەتی هەڵفڕینی فڕۆکەی تایبەتی هەیە

دوای شەش مانگ فڕۆکەوانە کەلارییەکە گەڕایەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەحمەد کەریم، ئەو گەنجە کەلارییەی خەونی ئەوە بوو ببێتە فڕۆکەوان دوای شەش مانگ لە خوێندن لە یۆنان بۆ یەکەمجار گەڕایەوە کوردستان.

ئەحمەد کەریم بە 964ـی وت، “لەماوەی ئەم شەش مانگەدا توانیومە بەشی یەکەمی خوێندن تەواو بکەم و ببم بە فڕۆکەوانی تایبەت، ئێستا خاوەنی مۆڵەتی فڕۆکەوانی تایبەتم و دەتوانم لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە فڕۆکە هەڵفڕێنم.”

ئەحمە کەریم وتیشی، “دوای ئەوەی دەگەڕێمەوە، دەست دەکەم بە فڕۆکەوانی هێڵی ئاسمانیی گشتی.”

ئەحمەد ساڵی رابردوو بە کۆنمرەی 99.66 لە قۆناغی دوازدەی زانستی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان بەدەستهێنا و هەر ئەو کات بڕیاریدا حەز و خەونی خۆی بەدیبهێنێت و لە بەشی فڕۆکەوانی بخوێنێت. دواتر بە یارمەتی رێکخراوێک گەیشتە یۆنان بۆ خوێندن لە بەشی فڕۆکەوانی.

ساڵی رابردوو چیرۆکی ئەحمەد کەریم دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد بەهۆی ئەوەی نمرەیەکی بەرزی هێنا، بەڵام کۆلێژی پزیشکی رەتکردەوە و بەدوای خەونەکەی کەوت.

لە 25.07.2026 ئەحمەد کەریم بۆ یەکەمجار بە کرداری خەونەکەی بەدیهێنا دوای ئەوەی توانی بە تەنها فڕینی فڕۆکە ئەنجامبدات و لە فەیسبووکی خۆی نووسی: یەکەمین گەشتمان ئەنجامدا بەتەنها و لەگەڵ خودا.