هەر زەویەک چەندی چووەتەسەر؟

جێگیرکردنی پاسەوانی سنوور نرخی زەوی لە شێلادزێ بەرزکردوەتەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

نزیکەی مانگێکە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە چەند خاڵێکی دەڤەری نێروە و رێکان جێگیرکراون، ئەمە وایکردووە ئەوانەی پێشووتر بەهۆی شەڕەوە ناوچەکانیان جێهێشتبوو ئێستا وردە وردە دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و نرخی زەوی لەو ناوچانە بەڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە.

رەسول مەحمود خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی زەویی و خانووە لە ناحیەی شێلادزێ بە 964ی وت، دوای هاتنی پاسەوانانی سنوور، کڕینی زەوی نرخەکانی بەرزکردوەتەوە، لە کۆمەڵگەی سێری و نزیک رووباری رووی شین، لە هەندێک شوێن هەر پارچەیەک زەوی 50 وەرەقەی چووەتەسەر.

وتیشی، ئێستا بازاڕی زەوی باشترە وەک لە خانوو، لە هەرسێ گەڕەکی کەمپێ، گەلیی و رووی شین نرخی هەر زەوییەک تا پێنج هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە، بۆنمونە ئەگەر پێشوتر زەوی لەو شوێنانە بە دەفتەرێک بووبێت، ئێستا بە دەفتەرێک و 50 وەرەقەیە.

خاوەنی ئەو نوسینگەیەی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو پێشبینی دەکات تا وەرزی هاوین نرخی زەوی گرانتر بێت، چونکە بەوتەی ئەو، چوار ساڵ دەبێت بازاڕی کڕین و فرۆشتن هێندە باش نەبووە.

بەپێی زانیارییەکانی 964 لە ناحیەی شێلادزێ 92 گوند هەن، بەهۆی شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکاران و تورکیا 85 گوند چۆلکرابوون، ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدیە لەسنوری پارێزگای دهۆک ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 50 هەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

پاسەوانی سنوور لە شیلادزێ سەنگەر لێ دەدەن و ئاڵای عێرا...

پاسەوانی سنوور لە شیلادزێ سەنگەر لێ دەدەن و ئاڵای عێراقی لێ هەڵدەدەن