پێنجوێنییەکان خێمەیان هەڵدا و مەیدانی خۆپیشاندان چۆڵناکەن

964+

محەمەد عومەر – پێنجوێن

کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی قەزای پێنجوێن کەمکراوەتەوە بۆ 18 کاتژمێر و دوو بەرمیلە نەوتەکەشیان کراوە بە یەک دانە، لەدژی ئەمە ماوەی دوو رۆژە خەڵکی قەزاکە خۆپیشاندان دەکەن.

خۆپیشاندەران رێگەی ملەکەوەیان گرتووە و بەشێکیان بە شەو و بە رۆژ دەمێننەوە و رێگە بە هاتوچۆی هیچ بارهەڵگرێک نادەن.

زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن بە 964+ی راگەیاند “پشتگیری داواکاری هاوڵاتیانی پێنجوێن دەکەین، داواکاری خۆپشاندەرانمان بەرزکردۆتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتوە.”

ملەکەوە رێگەی سەرەکی دەروازەی باشماخە لە پێنجوێن، ئەو بارهەڵگرانەی بە ملەکەوەدا تێدەپەڕن، یان لە ئێرانەوە دێن یان دەچن بۆ ئێران، خۆراک و شتومەکیان پێیە، هەندێک جار تانکەرە نەوتەکانیش هەر بەوێدا تێدەپەڕن.

بە وتەی قایمقامی پێنجوێن، بەهۆی گرتنی رێگەی ملەکەوە لەلایەن خۆپشاندەرانەوە، هەموو هاتوچۆیەکی بارهەڵگرەکان وەستاوە.

هەموو ماڵێکی پێنجوێن جۆزەی 16 ئەمپێرییان بۆ بەستراوە و پێش هاتنی سەرما رۆژانە 24 کاتژمێر کارەبایان پێدەدرا.

زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، “کارەبای قەزاکە کەمکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانیەوە ئەو کەمبونەوەیە جێگر نەکراوە داوامان کردوە بڕی مێگاواتی کارەبای پێنجوێن زیاد بکرێت و ببێتەوە بە 24 کاتژمێر.”

کۆرش عەبدوڵا هاوڵاتیەکی دانیشتووی پێنجوێنە و ماوەی دوو رۆژە لە خۆپشاندانەکان بەشدارە، ئەو بە 964+ی راگەیاند، بڕیارمانداوە تا ئەو دوو داواکاریەمان جێبەجێ نەکرێ ئەم رێگەیە چۆڵناکەین، بە شەو رۆژ لێرە دەبین  و رێگە نادەین هیچ بارهەڵگرێک لێرەوە هاتوچۆ بکات.