بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی - وێنە: 964
روونکردنەوەی بڵاوکردەوە
کارەبای سلێمانی: بڕینی کارەبا تەنیا بۆ نەدانی پارەی مانگانەیە
ئەحمەد مستەفا
كارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ، هاوڵاتییان دڵنیا دەكەنەوە تا ئێستا كارەبا بڕین لەسەر لابوونی قەرز رووی نەداوە، بەڵكو لەسەر پارە نەدانی مانگانەیە.
بەپێی روونکردنەوەکە، ئەگەر هاوبەشێک دوای دەرچوونی پسوڵەکەی لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی کارەباکەی نەدات، کارەباکەی دەکوژێتەوە، دوای پارەدان، کارەبا لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەگەڕێتەوە، ئەگەر نەگەڕایەوە، هاوڵاتی دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارەی 1992بکات.
هەروەها ئەو ماڵانەی پێوەری زیرەکییان هەیە و هێشتا “لینک” نەکراون، یان بە شێوەی فەرمی هاوبەشی کارەبا نین، رووبەڕووی کوژانەوەی کارەبا دەبن.
کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە کە تا 18.10.2026 بڕینی کارەبا لەسەر قەرزی کۆن نییە، بەڵکو لەسەر نەدانی پارەی مانگانەیە، دوای ئەو بەروارە، قەرزی کۆن بە شێوەی قیستی مانگانە وەردەگیرێت.
دەقی روونکردنەوەکە وەکخۆی؛
روونكردنەوەیەك دەربارەی كوژانەوەی كارەبای هاوبەشانی كارەبا :
هاوڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە كە رۆژانە هەندێك ماڵ كارەبایان دەكوژێتەوە، بەهۆی یەكێك لەم حاڵەتانەی خوارەوەیە و خاڵ بە خاڵ روونیدەکەینەوە بۆ ئەوەی تووشی کارەبا بڕین نەبن:-
1- دوای دەرچوونی پسولەی مانگانە و دوای (50) رۆژ لە دابەزینی لە سیستمی (ئیندراو)و (ئی پسولە)، ئەگەر هاوبەشەكە پارەنەدات كارەباكەی دەكوژێتەوە، كە پارەكەی دا لە ماوەی (24) سەعات كارەباكەی هەڵدەبێتەوە، له حاڵەتی هەڵنەبوونەوەی کارەباکەی پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بكات و ئاگاداریان بكاتەوە كه پارەی کارەبای رادەست کردوە و کارەبای بۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەوەه راستەوەخۆ لە رێگەی سستمی کارەبای بۆ بگەڕێننەوە یان لەلایەن تیمی تایبەت سەردان دەكرێت و کارەبای بۆ هەڵدەکرێتەوە .
2- ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان هەیە و لینك نەكراوە، تیمێكی تایبەت سەردانیان دەكات بۆ (لینك ) كردن، ئەگەر هاوبەشەكە لە ماڵ نەبوو (پسولەی ئاگاداری پێدەدرێت) پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بكات زانیارییەكان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی تووشی بچڕانی کارەبا نەبن لە کاتی سەردانی تیمەکان بۆ لینک کردن هاوكاری تیمەكان بن كارەبایان نابڕدرێت، بەپێچەوانەوەی كارەبایان دەبڕدرێت.
3- ئەو شوێنانەی كە كارەبایان هەیە، بەڵام بە ڕەسمی هاوبەشی كارەبایان نەكردوەتەوە، ئەمانەش كارەبایان دەكوژێتەوە تا ئەو كاتەی هاوبەشی دەكەن و دواتر كارەبایان هەڵدەبێتەوە.
4- ئەو شوێنانەی كارەبایان (سواپە) ، دواتر لینکی پێوەری زیرەکیان بۆ کراوە، واتە لەگەڵ ماڵی دراوسێیان تێكەڵاوبوون روویداوە و دوای سەردانیكردن كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت و كارەبایان هەڵدەبێتەوە.
هەروەها هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە تا ئیستا كارەبا بڕین له سه ر قەرز نیە، بەڵكو لەسەر پارەدانی مانگانەیە، بەڵام دوای كۆتایی هاتنی ماوەی لێخۆش بوون كە (18/10/2026) كۆتایی دێت، قەرزی كۆن دەكرێت بە (قسیت)ی مانگانە و بە ئیجباری وەردەگیرێتەوە و هەمان ماوەی (50) رۆژی پارەدانی كارەبای مانگانەی بەسەردا جێبەجێ دەكـرێت و كارەبای دەكوژێتەوە.
هەروەها هاووڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كە بەردەوام رۆژانە تا سەعات (12)ی شەو تیمی تایبەت ئامادەیە بۆ هەڵكردنەوەی كارەبای ئەو ماڵانەی كە نەتوانرا لە ماوەی (24) سەعاتدا هەڵبێتەوە.
هەروەها بۆ ئەوەی رێگری بکەیت لە بڕینی کارەباکەت تکایە :-
١- مانگانە لەکاتی خۆیدا پێش ئەوەی کارەبات ببڕدرێت پارەی کارەباکەرەت بدە.
٢- سەیری پسولەی کارەباکەت بکە ئەگەر بە پێوەری کلاسیک پارەت بۆ دێتەوەو پێوەری زیرەکت هەیە ، خۆت سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکە بۆ ئەوەی پێوەرەکەت بۆ لینک بکرێت .
٣-ئەگەر کارەبات هەیە و هاوبەشیت نیە ، پێش ئەوەی توشی کارەبا ببیت بەفەرمی هاوبەشی بکەرەوە بۆ ماڵ، دوکان ، باخ یان هەر جۆرو پۆلەێکە.
راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی