کاتی چاکسازیکردن لە بیری یەکێک لە باخچەکانی سلێمانیدا - وێنە: باخچەکانی سلێمانی
چەند لیتر ئاویان پێویستە؟
سەرچاوەی ئاوی باخچەکانی سلێمانی بۆ وەرزی هاوین ئامادە دەکرێن
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی نایەوێت لە وەرزی هاویندا کێشەی ئاودێریی لە باخچەکانیدا دروست ببێت، بۆیە ئێستا هەر بیر و خەزانێک کێشەیان هەبێت چاکیان دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە خاوەنی 506 باخچەیە، زیاتر لە 350 باخچەیان بیر و خەزانی ئاوی خۆیان هەیە و ئەوانەی نیشیانە هاوینان بە تانکەر ئاو دەدرێن.
عەلی حامید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، سیستمی ئاودێریی باخچەکان، یان خەزانەکان، یاخود بۆری و غەتاسی بیرەکان هەرکامیان کێشەیان هەبێت ئێستا چاک دەکرێن.
لەناو شاری سلێمانی جگە لەو باخچانە 90 بلواریش بوونیان هەیە.
وتەبێژی باخچەکانی سلێمانی وتیشی، “بۆ بلوارەکان و سەرچاوە ئاوییەکانیان هەمان رێگامان گرتووەتەبەر و کێشەی ئاو و بیرەکانیان بەر لە وەرزی ئاودان هەمووی چارەسەر دەکەین”.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ساڵی رابردوو 29 باخچە و بلواری نوێ لەناوشاری سلێمانی سەوز کراون، هەروەها سەرجەم باخچە و بلوارەکان 400 ملیۆن لیتر ئاویان ویستووە.