"نیو سەدەیە فیلم لێرە نمایش نەکراوە"
کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش کورتە فیلمێکیان لە خورماتوو نمایش کرد
سیروان خورشید – خورماتوو
کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش لە خورماتوو کورتە فیلمێکیان بەناوی “بەڵگەی بێدەنگ”، نمایش کرد و وەک خۆیان دەڵێن، دوای نزیکەی نیو سەدە، ئەمە بۆ یەکەمجارە بەرهەمهێنانی فیلم لە شارەکەیان ئیشی تێدا دەکرێت.
ئەم هەنگاوە وەک دەستپێکێکی گرنگ بۆ زیندوکردنەوەی شانۆ و سینەما لە قەزاکە هەژمار دەکرێت کە تێیدا گەنجان بە ئیمکانیەتی خۆیان لاپەڕەیەکی نوێ لە هونەری کوردی لەو ناوچەیە دەكەنەوە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە تیشک دەخاتە سەر دیاردە مەترسیدارەکەی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ژیانی رۆژانەی تاک.
بە وتەی ئەکتەر و سەرپەرشتیارانی فیلمەکە، ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی خەڵکە، چونکە لە رابردودا دەیان جار هاوڵاتییان تووشی گێچەڵ و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە و قوربانی لێکەوتووەتەوە، بۆیە لە داهاتوودا زیاتر پەرە بە کاری سینەمایی و هونەری دەدەن بۆ خزمەتکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری